ناوەڕۆكی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران ئاشكرابوو

کوردستان

01/12/2021     ژمارەی بینراو 266

راچڵەكین –

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا، بڕیاریدا بە دامەزراندنی سێ یەكەمەكانی سەر ئاستی كۆلیژ و بەشەكانی زانكۆ و پەیمانگا حكومییەكان لە دەرچووانی ساڵی خوێندنی 2016-2017 لە سەر میلاكی وەزارەتی خوێندنی باڵا.

ئەمڕۆ 1-12-2021، ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بە سەرۆكایەتی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەت و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران، كۆبوونەوەی هەفتانەی خۆی ئەنجامدا.

بەگوێرەی راگەیەندراوێكی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران، لە دەستپێكی كۆبوونەوەكەدا، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، بەناوی ئەنجومەنی وەزیرانەوە، پرسە و سەرەخۆشی ئاراستەی بنەماڵە و كەسوكاری ئەو پێشمەرگە قارەمانانە كرد، كە لە چەند رۆژی رابردوودا لە دەڤەری گەرمیان، لە هێرشی تیرۆریستانی داعش شەهیدبوون.

سەرۆكی حكومەت وتیشی: لە گەڵ هێزەكانی حكومەتی فیدراڵی و هێزەكانی هاوپەیمانان لە پەیوەندی بەردەوام داین بۆ رێگڕیكردن و نەهێشتنی ئەو مەترسییانە بۆ سەر هێزی پێشمەرگە و داواش لە حكومەتی فیدراڵی كرا، بۆ برەودان بە هەماهەنگیی سەربازیی و ئاسایش لەم بوارە تا رووبەڕووی ئەم هێرشە تیرۆریستانە ببینەوە، كە مەترسیەكی گەورەیە لە سەر هەموولایەك.

پاشان شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری كاروباری پێشمەرگە، تیشكی خستە سەر سەردانیان بۆ سەنگەرەكانی پێشمەرگە لە دەڤەری گەرمیان و ئەو ناوچانەی رووبەڕووی هێرشی تیرۆریستانی داعش بوونەوە، وەزیری پێشمەرگە ئاماژەی بەوەدا، ئەو ناوچانە بۆشایی ئەمنیان تێدایە، لەم رووەوە چەند داواكاریی وپێشنیارێكی پێشكەش كرد بۆ تۆكمەكردنی زیاتری سەنگەرەكانی پێشمەرگە و دابینكردنی پێداویستییەكان.

ئەنجومەنی وەزیران جەختی لە جێبەجێكردنی پێشنیارەكانی وەزیری پێشمەرگە و چارەسەركردنی كەموكوڕییەكان و گرفتەكانی پێشمەرگە كردەوە، سەرەڕای گرتنەبەری رێكاری پێویست لەلایەن وەزارەتی پێشمەرگە بە هەماهەنگیی زیاتر لە گەڵ هێزە فیدراڵییەكان و هێزەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، بۆ كەمكردنەوە و سنووداركردنی دەرفەتەكانی گەشەكردنی داعش لەو ناوچانە، كە تەنیا مەترسی نین بۆ هەرێم و عێراق، بەڵكو سەرچاوەی مەترسین بۆ ناوچەكە و جیهان بە گشتی.

بڕگەی دووەمی كۆبوونەوەكە، بریتی بوو لە پێشنیاری دامەزراندنی سێ یەكەمەكانی سەر ئاستی كۆلیژ و بەشەكانی زانكۆ و پەیمانگا حكومییەكان لە دەرچووانی ساڵی خوێندنی 2016-2017 لە سەر میلاكی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، كە لەلایەن ئارام محەمەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی خرایەڕوو. ئەنجومەنی وەزیران، بڕیاریدا كە لە  سەرەتای ساڵی نوێی 2022 دابمەزرێن.

پاشان كوێستان محەمەد، وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی، راپۆرتێكی دەربارەی دەستی كاری بیانی لە هەرێمی كوردستان و دەرفەتەكانی جێگرتنەوەیان بەدەستی كاری خۆماڵی و پەرەپێدانی ناوەندەكانی وەزارەت لە بواری راهێنانی پیشەیی و هەوڵەكانی وەزارەت لە بواری گەڵاڵەكردنی دوا رەشنووسی پڕۆژە یاسای نوێی كار و پڕۆژە یاسای نوێی خانەنشینی و دەستەبەری كۆمەڵایەتی و بارودۆخی چاكسازییەكان لە هەرێمی كوردستان.

ئەنجومەنی وەزیران، جەختی لە گرنگیی زیاتر رەخساندنی هەلی كار كردەوە، لە كەرتی تایبەت و دابینكردن و رێكخستنەوەی گشت مافە یاساییەكانی كرێكار و كارمەندانی كەرتی تایبەت بە شێوەیەك كە مافی خانەنشینی و بیمە و دڵنیاییان پارێزراو بێت، هەروەك لە كارنامەی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان جەختی لە سەر كراوەتەوە، بۆ ئەم مەبەستەش ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا، بە راسپاردنی لیژنەیەكی تایبەتمەند لە وەزارەتە پەیوەندیدارەكان بە سەرپەرشتی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، بۆ بەدواداچوون و لێكۆڵینەوە لەم بابەتە، كە جێگەی بایەخی حكومەتە و جێبەجێكردنی ئەو یاسایانەی ئێستا بەركارن، كە هاوكارن لەمبارەیەوە، هەروەها پەلەكردن لە گەڵاڵەكردنی پڕۆژەیاسای كار و خانەنشین و دەستەبەری كۆمەڵایەتیی نوێ، كە كاری باشی لەسەركراوە بەجۆرێك مافی كرێكاری تێدا پارێزراوبێت و هاندەربێت بۆ ئارەزووی كاركردن لە كەرتی تایبەت و رەخساندنی هەلی كاری زیاتر و رێكخستنەوەی دەستی كاری بیانی، لە چوارچێوەی ئەو یاسا نوێیانەدا.

لە بڕگەی كۆتایی كۆبوونەوەكەدا، بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، پێشنیازێكی سەبارەت بە درێژكردنەوەی ماوەی دیاریكراو بۆ پرۆسەی قەرەبووكردنەوەی ئەو جووتیارانەی خاوەنی گرێبەستی كشتوكاڵین یان بڕیاری دابەشكردنی زەوییان هەبووە و زەوییان كەوتووەتە ناو سنووری شارەوانییەوە خستەڕوو، ئەنجومەنی وەزیران، سەرەڕای جەختكردنەوە لە قەرەبووكردنەوەی یاسایی هاووڵاتیان، پێشنیازی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی  پەسەندكرد، بۆ پێدانی دەرفەتێكی تر بۆ ماوەی سێ مانگ بۆ بەردەوامبوونی پرۆسەكە و قەرەبووكردنەوەی خاوەن مافەكان.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن