نوێترین هەڵوێستی پارتی لەبارەی گۆڕانکاری لە کورسییەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق

کوردستان

02/12/2021     ژمارەی بینراو 221

راچڵەکین-

مەکتەبی سیاسی پارتی دەستێوەردانی سەرۆککۆمار و سەرۆکی دەستەی دادوەری بە هۆکار بۆ کەمکردنەوەی کورسییەکانی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق دەزانێت و دەڵێت:" بڕیاری سیاسی و دەستێوەردانی سەرۆککۆمار و سەرۆکی دەستەی دادوەری ماوەی تانە لێدانەکان بە نایاسایی درێژکرایەوە، بەمەبەستی دەستکاری ئەنجامەکان لەبەرژەوەندی ھەندێک لایەنی دیاریکراو".

لە راگەیەندراوێکدا مەکتەبی سیاسی پارتی بڵاویکردووەتەوە، پرۆسەی ھەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کە لە رۆژی ١٠-١٠-٢٠٢١ ئەنجامدرا، بە پاکی و دیموکراسییانە بەڕێوەچوو تا ئەو کاتەی بە بڕیاری سیاسی و دەستێوەردانی سەرۆککۆمار و سەرۆکی دەستەی دادوەری ماوەی تانە لێدانەکان بە نایاسایی درێژکرایەوە، بەمەبەستی دەستکاری ئەنجامەکان لەبەرژەوەندی ھەندێک لایەنی دیاریکراو.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، دوای ئەوەی لیژنەی یاسایی و تەکنیکی پارتیمان لەگەڵ کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان و دەستەی دادوەری کۆبوونەوە، دەرکەوت تەواوی بەڵگەکانمان سەلمێنەری پێشێلکاری بوون، بۆیە ئێمە لە پارتی دیموکراتی کوردستان ئەم دەستێوەردان و گۆڕانکاری و پێشێلکارییانە رەتدەکەینەوە و داکۆکی لە مافی کاندید و دەنگدەران دەکەین و، بە پێویستیشی دەزانین مافی زەوتکراویان بۆ بگەڕێتەوە.

دەشڵێت، لەو روانگەیەوە لەپێناو دادپەروەری و گێڕانەوەی ماف بۆ خاوەن مافەکان، بە ڕێکاری یاسایی بەردەوام دەبین لە ھەوڵەکانمان لەپێناو دەستەبەرکردنی ئەو مافانە و لابردنی پێشێلکارییەکان و، ھەنگاوەکانی داھاتووشمان لە کاتی خۆی دا رادەگەیەنین.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن