کاریگەرییە کاتییەکانی چەند جۆرێکی قەترەی چاو لە کاتی پشکنین

تەندروستی

10/12/2021     ژمارەی بینراو 671

راچڵەکین-

د.دلێر هەمەوەندی، پسپۆڕی نەخۆشی و نەشتەرگەری چاو باس لە چەند جۆرێکی قەترە دەکات کە بۆ پشکنینی چاو بەکاردێت لە نۆرینگەو ڕاوێژکارییەکانی چاو هەروەها دەشڵێت، پێویستە پسپۆڕی چاو یاخود پشکنەری چاو بۆ کەسەکە یاخود دایک و باوکی منداڵەکە ڕوون بکاتەوە کە ئەو قەترەیە بۆ ماوەی چەند ڕۆژ کاریگەری دەمێنێت.

یەکەم: قەترەی ئەتڕۆپین، لەو ڕۆژەوەی لە چاوی کەسەکە دەکرێت، تا دوو هەفتە چاوی کەسەکە لێڵ و غێم دەبێت، هەروەها بیلبیلەی چاویشی گەورە دەبێت، گرژبوون و خاوبوونەوەی ماسولکەکانی ڕەنگێنە یاخود ڕەشێنەی چاویشی سست دەبێت، بەمەش لە ڕۆناکی بچوک نابێتەوەو لە تاریکیش هەر گەورەو فراوان دەمێنێت، وادەکات زۆر بەرگەی ڕۆناکی نەگرێت و باشیش نەبینێت، بە تایبەت شتی نزیک، تەنانەت ناتوانێت بخوێنێتەوە. 

دووەم: قەترەی سایکلۆپێنتۆلەیت، کە بۆ ماوەی سێ ڕۆژ چاوەکە لێڵ دەکات.

سێیەم؛ قەترەی تڕۆپیکەماید کە بۆ ماوەی شەش تا هەشت کاتژمێر چاوەکە لێڵ دەکات. 

چەند خاڵێک گرینگە هەموومان بیزانین 

۱. پێویستە پسپۆڕی چاو یاخود پشکنەری چاو بۆ کەسەکە یاخود دایک و باوکی منداڵەکە ڕوون بکاتەوە کە ئەو قەترەیە بۆ ماوەی چەند ڕۆژ کاریگەری دەمێنێت.

۲.پێویستە ئەو پشکنینە لە کاتێک بکرێت کەوا منداڵەکە لە پشوودابێت یاخود تاقیکردنەوەی نەبێت بۆ ئەوەی کاریگەری نەکاتە سەر خوێندن. 

۳.بە هیچ شێوەیەک ئەو قەترانە لە خۆمانەوە بەکارنەهێنین، وەکاتێک پزیشکی چاو بۆی نووسین تا بەکاری بهێنین بۆ پشکنین، دڵنیابن کە کاریگەری لاوەکی مەترسیداری نییە. 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن