کتێبی نیوەڕۆ بڵاوکرایەوە

کەلتوور

26/12/2021     ژمارەی بینراو 378

راچڵەکین-

كتێبی (نیوەڕێ) کە زامدار ئەحمەد نووسیویەتی و تایبەتە بە ڕێگای قاچاخی ئەوروپا، سەرگوزەشتە و بیرەوەری ڕێگای هەوراز و نشێوی ڕێگای قاچاخی ئەوروپای لەخۆگرتووە بڵاوکرایەوە.

نوسەر باس لە نووسینی کتێبەکەی دەکات و دەڵێت:" كاتێك ئەو كتێبە نووسراوە، كە خۆم یەكێك بووم لە كۆچبەرە نایاساییەكانی ڕێگای ئەوروپا، لە كاتی دەستگیركردن و زیندانیم لە زیندانی (لۆبۆمێز)ی شاری لۆبۆمێزی بولگاریا سەرگوزەشتە و بیرەوەری هاوڕێ زیندانییەكان و خۆم نووسیوە، كە بە چ دۆخێكی دژوار و نەهامەت و دەردەسەری گەیشتووین بە بولگاریا. هەروەها بیرەوەری بەشێك لەو كۆچبەرانەی تێدایە كە لە ڕێگای ئەوروپا كوێر بوون، یاخود قاچیان شكێندراوە، یاخود سینگیان كون كراوە.. هتد".

دەشڵێت، كتێبەكە بە شێوەیەك نووسراوە، كە لە كاتی خوێندنەوە وێنای ڕێگای قاچاخ دێتە بەرچاوت و دەردەسەری و نەهامەتییەكانی ڕێگاكە دەبینی، بەشێوەیەك لە كاتی ڕاكردنی كۆچبەران، خوێنەر هەناسەی سوار دەبێ!

نوسەر باس لەوەدەکات کە دەکرێت ئەم كتێبە وەكو یەكێك لە ڕێگاكانی هۆشیاركردنەوەی گەنجانی كورد سەبارەت بە نەهامەتی و خراپی و ترسناكی ڕێگای ئەوروپا سوودی هەبێ.

نیوەڕێ، لە دووتوێی 200 لاپەڕەدا، لەسەر ئەركی (ڕەهبەر سەید برایم) لە چاپخانەی حەمدی سلێمانی چاپكراوە.

کتێبەکە ئێستا لە کتێبخانەکانی هەولێر لە كتێبخانەی مەم و زین و ئاشتی و لە سلێمانی لە چوارچرا و ڕەهەند و سارا دەست دەكەوێ

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن