ئێران.. بەهۆی لافاوو هەورە تریشقەوە سێ كەس گیانیان لەدەستدا

جیهان

03/01/2022     ژمارەی بینراو 304

راچڵەكین –
 
شەپۆلێكی بارانبارینی بەخوڕ، ناوچەكانی باشووری ئێرانی گرتووەتەوەو بەهۆی دروستبوونی لافاو و هەوروتریشقەوە، سێ كەس گیانیان لەدەستدا، دانیشتوانی 10 گوندیش لەترسی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو، ناچار دەكرێن ماڵ و حاڵیان جێبهێڵن.

بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵیی فەرمیی ئێران، بەهۆی بارانێكی بەلێزمە كە پارێزگای فارس-ی گرتووەتەوە، ئاوەڕۆی سەر شەقامەكان پڕبوون و ئافرەتێك كەوتووەتە كەناڵێكی ئاوەڕۆوەو گیانی لەدەستداوە.

لەناوچەیەكی دیكەی هەمان پارێزگا، چوار كەس كەوتنە ناو رووبارێكەوەو تەرمی یەكێكیان بەخنكاوی دۆزرایەوە.

لەلایەكی دیكەوە، بەهۆی دروستبوونی هەورەتریشقە لە شاری بوشەهر، لە باشووری خۆرئاوای ئێران، هاوولاتییەكی بەرەگەز ئەفغانی گیانی لەدەستدا.

بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی بەنداوی میناب-یش لە پارێزگای هورموزگان (باشووری ئێران)، بەرپرسانی ئەو پارێزگایە داوایان لە دانیشتوانی 10 گوندی سەر رێڕەوی ئاوی بەنداوەكە كرد ماڵ و حاڵیان جێبهێڵن و رووبكەنە ئەو شوێنانەی كە مەترسی لافاوی لێناكرێت.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن