شۆفێرە سەرپێچیكارەكەی هەولێر دەستگیركرا

کوردستان

14/01/2022     ژمارەی بینراو 531

راچڵەكین –

ئەو شۆفێرەی كە لەكاتی لافاوەكەی هەولێر لە تابلۆیەكی هێمای هاتووچۆی دابوو، لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیركرا، هاتوچۆی هەولێریش رایدەگەیەنێت، شۆفێرەكە چەندین تاوان و سەرپێچی دیكەی ئەنجامداوەو دەستگیركردنەكەشی پەیوەندی بە یارمەتیدانی خەڵك لەكاتی لافاوەكە نەبووە.

بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر، روونكردنەوەیەكی لەبارەی دەستگیركردنی شۆفێرێك بەناوی (سەڵاح مۆنیكا) بڵاوكردەوە، كە دوێنێ پێنجشەممە، لەكاتی لافاوەكەی هەولێر، سەرپێچی هاتوچۆی كردبوو، لە تابلۆیەكی هێكماكانی هاتوچۆشی دابوو.

لە روونكردنەوەكەدا هاتووە، ئەمڕۆ لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی هەولێر، بەبڕیاری دادوەری لێكۆڵینەوەی هەولێر، كەسێك بەناوی (سەڵاح مۆنیكا) كە خاوەنی ئۆتۆمبێلێكی تایبەتە لەجۆری لاندكرۆز، دەستگیركرا.

هاتوچۆی هەولێر روونیكردووەتەوە، هۆكاری دەستگیركردنی شۆفێرەكە، كۆمەڵێك تاوان و سەرپێچی بووە، كە دوێنێ پێنجشەممە، لەكاتی كۆبوونەوەی ئاو لەهەندێك لەشەقامەكانی هەولێر ئەنجامی دابوون، كە ئەوانیش تێكشكاندنی هێماكانی هاتووچۆ بە ئۆتۆمبێلەكەی، هەروەها شكاندن و شێواندنی شۆستەكان لەهەندێك شوێن كە بەسەركەوتن و شكاندنەكەش تەنها بۆ نیشاندانی هێزی ئۆتۆمبێلەكەی بووە.

وەك لە روونكدرنەوەكەدا هاتووە، شۆفێرە سەرپێچیكارەكە، دەستكاری تابلۆی ئۆتۆمبێلەكەشی كردووەو ەبەشێكی شاردۆتەوە، كە ئەمەشیان تاوانە، هەروەها دەستكاری ئاكاری ئۆتۆمبێلەكەی كردووە بەبێ وەرگرتنی ڕەزامەندی لایەنی پەیوەندیدار كە بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆیە، ئەمەشیان سەرپێچی یاسای هاتووچۆیە.

هاتوچۆی هەولێر جەختی لەوەكردووەتەوە كە هۆكاری دەستگیركردنی شۆفێرەكە، جگە لەو تاوان و سەرپێچیانە، هیچی تری بەدواوە نەبووەو پەیوەندی بەیارمەتیدانی خەڵكەوە نەبووە لەكاتی لافاوەكە، راشیگەیاندووە، هیچ كات حكومەت و لایەنە پەیوەندیدارەكان كەسێك دەستگیر ناكەن لەسەر یارمەتیدانی خەڵك، بەڵكو دەستخۆشیشی لێدەكەن.

 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن