دادگای فیدراڵی چارەنووسی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان یەكلایی دەكاتەوە

عێراق

16/01/2022     ژمارەی بینراو 292

راچڵەكین –

دادگای فیدراڵی عیراق بڕیاریدا رۆژی چوارشەممە، سەیری ئەو تانەیە بكات كە لەدژی دانیشتنەكەی ئەنجومەنی نوێنەران و پرۆسەی هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی، لەلایەن دوو پەرلەمانتارەوە پێشكەشكراون.

میدیاكانی عیراق بڵاویانكردەوە، دادگای باڵای فیدراڵی، رۆژی چوارشەممە 19-1-2022ی دیاریكرد بۆ سەیركردنی ئەو تانەیەی لەلایەن هەردوو پەرلەمانتار مەحمود مەشهەدانی و باسم خشان، پێشكەشكرابوون لەسەر رووداوەكانی ناو هۆڵی پەرلەمان و نادەستووریی بوونی پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمان و دوو جێگیرەكەی لە یەكەمین دانیشتنی پەرلەمان، كە رۆژی 9ی ئەم مانگە بەڕێوەچوو.

دادگاكە رۆژی 13ی ئەم مانگە بڕیاریدا كاری دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی عیراق بەشێوەیەكی كاتی هەڵپەسێردرێت، تا ئەوكاتەی چارەنووسی تانەی ئەو دوو پەرلەمانتارە یەكلایی دەكرێتەوە.

لە یەكەمین دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، بەهۆی دروستبوونی پشێوی لەنێوان پەرلەمانتارانی رەوتی سەدرو چوارچێوەی هەماهەنگی، كە دواتر مەحمود مەشهەدانی سەرۆكی تەمەنی دانیشتنەكە، لەهۆش خۆی چوو و رەوانەی نەخۆشخانە كرا، هەڵبژاردن بۆ دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان كرا، ئەمەش كاردانەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی لێكەوتەوەو پرۆسەكەیان رەتكردەوەو بە نایاسایی و نا دەستووریی وەسفیان كرد.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن