هەرێمی كوردستان: كاری كۆمپانیا نەوتییەكان خاوبووەتەوە

ئابوری

18/03/2020     ژمارەی بینراو 560

راچڵەكین-

حكومەتی هەرێمی كوردستان كۆمپانیا نەوتییەكان لە قەدەخەی هاتووچۆ ئاگادار دەكاتەوە و بەو هۆیەشەوە ئەو كۆمپانیایانە كارەكانیان خاوبووەتەوە.
 
حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ رێگریكردن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا داوای لە كۆمپانیا نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان كردووە كارەكانیان لە نووسینگە و كێڵگەكانیان كەم بكەنەوە و ئاگاداری سنوورداربوونی هاتووچۆی ئاسمانی و وشكانی بن.
 
كۆمپانیای گۆڵف كێستۆن كە لە كێڵگەی شێخان لە هەرێمی كوردستان كاردەكات، رایگەیاند كارەكانی پەیوەست بە هەڵكۆڵینی بیری ژمارە 13ی لە كێڵگەی شێخان بەهۆی سنوورداركردنی هاتووچۆوە بە شێوازی كاتی هەڵپەساردووە.
 
گۆڵف كێستۆن لە راگەییەدراوێكدا رایگەیاند، بەهۆی راگەیاندنی قەدەخەی هاتووچۆ ئەستەم بووە بۆ كۆمپانیاكە كارمەندان و ئەندازیارانی خۆی لە كێڵگەكە ئامادە بكات و بەو هۆیەشەوە هەڵكۆڵینی بیری ژمارە 13ی لە كێڵگەی شێخان وەستاندووە.
 
كۆمپانیاكە جەخت لەوە دەكاتەوە، "پلانی بەرزكردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتمان بۆ رۆژانە 55 هەزار بەرمیل راگرتووە. وامان دانابوو لە چارەكی سێیەمی ئەمساڵدا بەو ئامانجە بگەین، بەڵام ئێستا هەموو هەوڵێك بۆ بەرهەمهێنانی رۆژانەی 43 هەزار تاوەكو 48 هەزار بەرمیلە". وەك رووداو بڵاویكردووەتەوە.
 
سەرەرای راگەیاندنەكەی كۆمپانیای گۆڵف كێستۆن لەسەر خاوبوونەوەی كارەكانی پەیوەست بە پەرەپێدانی كێڵگەی شێخان، كۆمپانیاكە ئاماژەی بەوە كردووە، گرتنەبەری رێوشوێنی تووند لە كێڵگەی شێخان نەبووەتە هۆكار بۆ دابەزاندنی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لەو كێڵگەیە.
 
ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە كێڵگەی شێخان لەلایەن كۆمپانیای گۆڵف كێستۆنەوە ئێستا رۆژانە 38 هەزار بەرمیلە و پێشبینی ناكرێت بەهۆی رێوشوێنە نوێیەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە بۆ كۆنترۆڵكردنی ڤایرۆسی كۆرۆنا داببەزێت.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن