مەزاری كاك ئەحمەدی شێخ ناونیشانی پێكەوە ژیانی ئایینەكانە

ڕاپۆرت

16/04/2022     ژمارەی بینراو 421

راچڵەكین -

مەدرەسەكەی شێخ مەعروفی نۆدێیی تائێستا ماوە و لەلایەن چەند مامۆستایەكی زانا، لەوانە مامۆستا مەلا عەبدوڵڵای تەكیەیی كە نزیكەی ٤٥ ساڵە وانەبێژە، مامۆستا مەلا مستەفای شەشۆیی كە تا ئێستا لەو مەدرەسەیەدا وانە دەڵێنەوە، چەندین فەقێ و زانای ئایینیان پێگەیاندووە. هاوكات لەسەردەمی خۆیدا فێرگەیەك لەلایەن شێخ ئەحمەدی حەفیدەوە بۆ نابینایان دروستكراوە بۆ ئەوەی فێری قورئان بكرێن.

لە سوچێكی مزگەوتی گەورەدا و لە پشت نوێژخوێنانەوە، مەزارێك جێی سەرنجی هەموو گەشتیاران رادەكێشێت و بەردەوام لە شارەكانی هەرێمی كوردستان و ناوەڕاست و باشووری عیراقەوە بەبێ جیاوازیی ئایینی، سەردانی دەكەن.

مەزاری كاك ئەحمەدی شێخ لەساڵی ١٨٨٧ ەوە لە مزگەوتی گەورە كە ئەوكات مەدرەسەكەی بووە، نێژراوەو ئێستاش بووەتە جێی زیارەتكارانی تەریقەت و پیاوچاكان.

لەبارەی مێژووی مەزارەكەوە، مامۆستا مەلا محەمەد ئەمین، سەرپەرشتیاری مەرقەدی كاك ئەحمەدی شێخ دەڵێت: "ئێرە حوجرەی تایبەتی كاك ئەحمەدی شێخ بووە و تیاییدا وانەی بە فەقێیەكانی گوتووەتەوە، ئەم پارچە زەوییەی ئێستا مەزارەكەی لێیە، بە پارەی خۆی كڕیبووی و تایبەت بووە بە حوجرەكەی و تیاییدا تەدریسی كردووە".

سەبارەت بە سەرەتای بوون بە مەزار، مامۆستا مەلا محەمەد دەڵێت،'' لەدوای وەفاتی، لەسەر راسپاردەی خۆی، لەم شوێنەدا نێژراوە، دواتر شوێنەكە لەلایەن خۆشەویستان، موریدان و شوێنكەوتووانی رێبازی تەریقەتی قادری، بووەتە جێی سەردانیكردن، پاشان كە مەلیك مەحموودی كوڕەزای كۆچی دوایی دەكات، ئەسپەردەی خاككراوە لەتەنیشت خۆیەوە".

مەزارەكە بووەتە شوێنی پێكەوە ژیانی ئایینەكان، مەسیحی و موسڵمانەكان بەیەكەوە سەردانی دەكەن

لەبارەی ئەو كەسانەی رۆژانە سەردانی ئەم شوێنە دەكەن، سەرپەرشتیاری مەزارەكە دەڵێت: "لە مانگی رەمەزانی پیرۆزدا خەڵكی شار زیاتر سەردانی مەزاری كاك ئەحمەدی شێخ دەكەن، هاوكات خەڵكی بیانیی و هاووڵاتییانی دیكەیش لە شارەكانی عێراق و، پێكهاتەی مەسیحییەكانیش سەردانی مەزارەكە دەكەن، چونكە لەسەردەمی خۆیدا پێكەوەژیانێكی جوانی لەنێوان موسڵمانان و مەسیحییەكانی شار دروستكردبوو، كە تا ئێستاش بەشانازییەوە هیچ بەریەككەوتنێك لە نێوان پێكهاتەكانی ئەم شارەدا رووینەداوە، ئەویش رەنگدانەوەی ئەو هەوڵانەی جەنابیان بووە لەو سەردەمەدا. دەگێڕنەوە بوكێكی كاك ئەحمەدی شێخ مەسیحی بووە، كە منداڵیان بووە، ناویان ناوە سەیدنا عیسا بەناوی پێغەمبەرەكەی ئەوانەوە بۆ دروستكردنی پێكەوە ژیانێك لەم شارەدا، هەر بۆیە تا ئێستاش مەسیحییەكان سەردانی هەردوو مەزاری كاك ئەحمەدی شێخ و شێخ مەحمودی حەفید دەكەن".

مزگەوتی گەورە، جگە لەوەی مەزارەكەی كاك ئەحمەدی شێخی لێیە، هاوكات مەدرەسەیەك بەناوی باوكی ناوبراوەوە ماوەتەوەو تا ئێستاش خزمەت بە موسڵمانان دەكات و لەوبارەیەوە مامۆستا مەلا محەمەد دەڵێت: ''مەدرەسەكەی شێخ مەعروفی نۆدێیی تا ئێستا ماوەو لەلایەن چەند مامۆستایەكی زانا، لەوانە مامۆستا مەلا عەبدوڵڵای تەكیەیی كە نزیكەی ٤٥ ساڵە وانەبێژە، مامۆستا مەلا مستەفای شەشۆیی كە تا ئێستا لەو مەدرەسەیەدا وانە دەڵێنەوە، چەندین فەقێ و زانای ئایینیان پێگەیاندووە. هاوكات لەسەردەمی خۆیدا فێرگەیەك بۆ نابینایان دروستكراوە لەلایەن شێخ ئەحمەدی حەفیدەوە بۆ ئەوەی نابینایان فێری قورئان بكرێن، تا ئێستاش ماون و خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان سودییان لێ بینیووە، هەتا یەكێك لە موریدەكانی لەو سەردەمەدا لە هیندستانەوە هێناوە بۆ ئێرە و قورئانی پیرۆزی هەمووی لەبەر بووە و كردوویەتی بە مامۆستای نابینایان، هاوكات بۆ هەر چەند ماڵێكی شار چەند نابینایەكی داناوە، كە هەفتانە بچن لە ماڵەكەیاندا فێری قورئانیان بكەن و لەبەرامبەردا بۆ دابینكردنی بژێوی ژیانیان چەند بڕە پارەیەكیان داوەتە ئەو نابینایانە. تا ئێستاش ئەو مەدرەسە نابینایە بەردەوامە".

كاك ئەحمەدی شێخ، یان كاك ئەحمەدی سلێمانی (١٧٩٣–١٨٨٧) كوڕی شێخ مەعرووفی نۆدێیە زانای ئایینی و ناودارانی تەریقەتی قادرییە.

ناوی تەواوی حاجی كاك ئەحمەدی شێخ كوڕی شێخ مەعروفی كوڕی شێخ مستەفای كوڕی شێخ ئەحمەدی غەزائی كوڕی شێخ محەممەدی نۆدێییە.

ئەم زاتە پاش خۆناسینەوە لە خزمەتی باوكیدا و لە قوتابخانەی خۆیاندا قورئانی پیرۆز و كتێبە وردەكانی خوێندووەو دەستی كردووە بە زانیارییەكانی نەحو و سەرف و تا لە پلەكانی زانیارییدا باش سەركەوتووە و بووە بە زانایەكی باش و ئیجازەی وەرگرتووە.

ھەروەھا لە خزمەتی باوكیدا تەمەسوك دەكات و تەریقەت وەردەگرێت و سلووك دەكات ھەتا دەگاتە پلەی ئیرشاد و، ئیجازەی پێدەدرێت، پاش ئیجازە وەرگرتن لە ھەردوو بوارەكەدا دەستدەكات بە تەدریس و سوودگەیاندن بە خەڵك لە ھەموو دەرسەكاندا.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن