جیاوازی نەشتەرگەری منداڵ بوون بە نیو بەنج و بەنجی عام

تەندروستی

17/04/2022     ژمارەی بینراو 2917

راچڵەکین-

پزیشکێکی پسۆری نەخۆشیەکانی ژنان و مناڵبوون و نەزۆکی باس لە جیاوازی نەشتەرگەری منداڵ بوون بە نیو بەنج و بەنجی عام دەکات و دەڵێت:" ێهۆشی گشتی باشیەکەی ئەوەیە کە نەخۆشەکە ئاگای لەهیچ نیە".

د. مهابات صالح سعید دەلۆ بەم شێوەیە باس لە جیاوازییەکان دەکات:-

نەشتەرگەری منداڵ بوون پێویستە بەبێ ئازار بێت.

چەند رێگەیەکیش هەیە بۆ ئەو مەبەستە وەک بێهۆشی گشتی و بەنجی نیوەیی.
بێهۆشی گشتی باشیەکەی ئەوەیە کە نەخۆشەکە ئاگای لەهیچ نییە.
زۆربەی ئەو نەخۆشانە ئەم ڕێکارە هەڵدەبژێرن ئەوانەن کە زۆر دەترسن یان نایانەوێت ئاگاداری هەموو کردارەکانی ناو هۆڵی نەشتەرگەری بن.
لەم رێگەیەدا کاتێک نەخۆش خەبەری دێتەوە هەموو شتێک تەواو بووە بەڵام کاتێک کاریگەری دەرمانەکانی بێهۆشکردن نامێنێت دووبارە ئازاری بۆ دێتەوە و پێویستە بە ئازارشکێنەکان چارەسەر بکرێت .
بێهۆشکردنی گشتی بۆ نەشتەرگەری مناڵبوون
هەندێکجار نەخۆشەکە بەحاڵەتی کتوپڕی مناڵبوون دەچێتە نەخۆشخانە و بێهۆشی گشتی بۆ دەکرێت لەم بارەدا ئەگەر گەدەی پڕلەخۆراک بێت ئەوا مەترسی رشانەوەی باری بێهۆشی و چونە ناو سییەکانی زۆرە، هەروەها ئەگەری بەکڵۆبوونی خوێن لە سیەکاندا زیاترە و بەهەمان شێوەی ئەگەری خوێن بەربوون زیاترە چونکە بەنجی عام تەواوی لەشی خاودەکاتەوە، رەحمیش خاودەبێتەوە  و کەمتر گرژدەبێتەوە پاش مناڵبوونەکە لەبەرئەوە ئەگەری خوێنبەربوون زیاترە.

هەندێک مەترسی زیاتر
ئەو دایکانەی زۆر بێهۆشی گشتی وەردەگرن ئەگەری لەبیرچوونەوەیان زیاترە، دەرمانەکانی بێهۆشکردن پێویستە بە وریاییەوە بەکاربهێنرێت بۆ رێگری لە پەڕینەوەی هەمان ئەو دەرمانانە بۆ لەشی مناڵەکە کە رەنگە کار بکاتە سەر شیرخواردن و ئاستی زیرەکی وهتد..

بەنجی نیوە
رێگەیەکی جیهانیە و تەنها لە هەندێک باردا پێویست بە بەنجی عام دەکات، دایک بە ئاگایە  بەڵام هیچ ئازارێکی نیە، ئاگاداری بەدنیاهاتنی مناڵەکەیەتی. دواتر لەماوەی پێنج تا شەش کاتژمێردا دەکەوێتەوە سەر پێیەکانی خۆی و سۆندەی میزی بۆلادەبرێت. 

هۆشیاریەکی پێویست
ئەم رێگەیە لە زۆرباردا لە بهۆشی گشتی باشترە تەنها پێویستە لە کاتی بەنجەکەدا هۆشیاری تەواو هەبێت لە بەکارهێنانی دەرزی بەنج لە بڕبڕەی پشتی دایک.

بێهۆشی نیوەیی 
رێگەیەکی ئاسانترە بە مەرجێک رێنماییەکانی پزیشكی جێبەجێ بکرێت لەبارەی وەرگرتنی پشووی تەواوەتی و وەرگرتنی شلەمەنی و رێنماییەکانی تر.

دوا رێنمایی
وەک پزیشكێکی بوارەکە هەمیشە ئامۆژگاری دایکان دەکەم کە لە پاش لەدایکبوونی سروشتی نەشتەرگەری بە نیوبەنج لە نەشتەرگەری بهۆشکاری گشتی بەسوودترە و کاریگەری لاوەکی لەسەر دایک و مناڵ کەمترە.

د. مهابات صالح سعید دەلۆ 
پسۆری نەخۆشیەکانی ژنان و مناڵبوون و نەزۆکی

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن