راچڵەکین-
هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، پیرۆزبایی لەمامۆستایان دەكات و دەڵێت:" بەپێویستی دەزانین لایەنە پەیوەندیدارەكان هەرچی زووە هەوڵی چارەسەر گرفت و كێشەكانی مامۆستایان بدەن، ئێمەش هەمیشە پشتیوانی داوا رەواكانی مامۆستایانین".
هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی ی.ن.ك بەبۆنەی شەستەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان پیرۆزبایی لەمامۆستایان دەكات و هیوای باشتركردنی گوزەرانیان دەكات و دەڵێت:" یەكێتییەكەتان لە 60 ساڵ تەمەندا، رۆڵی گرنگی بینیوە، لە خەباتی مامۆستایان هاوشانی پێشمەرگە و لەشاری هەمیشە پێشڕەو و رێنیشاندەر بوون، بەداخەوە قەیرانی دارایی و ئەو قەیرانانەی روویان لەهەرێم كرد كاریگەری راستەوخۆیان لەسەر دۆخی مامۆستایان هەبووە و بارو گوزەران و ئەركی سەرشانی قورسكردن".
دەشڵێت:"بەپێویستی دەزانین لایەنە پەیوەندیدارەكان هەرچی زووە هەوڵی چارەسەر گرفت و كێشەكانی مامۆستایان بدەن و ژیانێكی شایستە بەقوربانیدانیان بۆ مامۆستایان دابین بكەن".
لەبەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوەشکرد:"ئێمەش وەك هەمیشە پشتیوانی داوا رەواكانی مامۆستایانین، دووبارە پیرۆز بێت ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان ، هەمیشە سەركەوتوو بن و لە گەشەی بەردەوامدا بن".