توركیا كاردانەوە بەرامبەر رەفتارێكی ئەمریكا دەنوێنێت

جیهان

22/05/2022     ژمارەی بینراو 198

راچڵەكین –

وەزارەتی دەرەوەی توركیا بە مەبەستی دەربڕینی نیگەرانی لەو هۆشدارییەی دوێنێ لەبارەی خۆپیشاندان بەر لە كۆبوونەوەیەكی جەماوەریی ئیستانبوڵ لەلایەن باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە ئەنكەرە بڵاوكرایەوە، باڵیۆزی ئەمریكای بانگهێشتكردو نامەیەكی ناڕەزایەتیشی ئاراستەكرد.

میدیاكانی توركیا بڵاویانكردەوە، وەزارەتی دەرەوەی توركیا، جێفری فڵەیك باڵیۆزی ئەمریكای لە ئەنكەرە بۆ بینای وەزارەتەكە بانگهێشتكردووە وەك ناڕەزایەتییەك بەرامبەر ئەو پەیامەی كە باڵیۆزخانەكە سەبارەت بە خۆپیشاندان لەو وڵاتەو ئەگەری بەكارهێنانی توندوتیژی لەلایەن هێ.ە ئەمنییەكانی توركیاوە بڵاویكردبووەوە.

وەزارەتی دەرەویە توركیا بە یاڵیۆزی ئەمریكای راگەیەندووە كە كۆبوونەوەی جەماوەریی حزبە سیاسییەكان، نەریتێكی ریشەداری دیموكراسی پێكدەهێنێت و نیشاندانی ئەوەی وەك بڵێی كێشەیەك لە وڵاتدا هەیە لەوبارەیەوە قبوڵكراو نییەو كۆبوونەوە جەماوەرییەكەی دوێنێش بەبێ كێشە كۆتایی هاتووە.

هەروەها ئاماژە بەوەشدراوە كە چاوەڕوانی لە لایەنە پەیوەندیدارەكانی ئەمریكا لەمەودوا ئەوەیە بە رەچاوكردنی راستییەكان هۆشداری بدەن لە ئەنجامدانی گەشت و خۆپیشاندان.

دوێنێ باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە پەیامێكدا، داوای لە هاووڵاتیانی ئەمریكای نیشتەجێی شاری ئیستەنبوڵ-ی توركیا كردبوو، لەو شوێنانە دووربكەونەوە كە خۆپیشاندان و گردبوونەوەی ناڕەزایی ئۆپۆزسیۆنی توركیای لێ ئەنجام دەدرێت.

باڵیۆزخانەكە هۆشداری ئەوەی دابوو كە مەترسی هەیە هێزە ئەمنییەكانی توركیا توندوتیژی بەرامبەر خۆپیشاندەران بەكاربهێنێن و بە زەبری چەك بڵاوەیان پێبكەن.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن