هۆشدارییەك لەوەزارەتی تەندروستی هەرێمی كوردستانەوە

ئابوری

23/05/2022     ژمارەی بینراو 309

راچڵەكین-

وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی كوردستان هۆشدارییەكی بڵاوكردەوە و رێنمایی هاونیشتمانیان دەكات كە دەرگە و پەنجەرەكانیان دابخەن و ئەگەر كاری زۆر پێویست نەبێت، نەچنە دەرەوە. 

ئەمڕۆ دووشەممە، شەپۆلێكی خۆڵبارینێكی چڕ هەرێمی كوردستانی گرتەوە. وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی كوردستان لە راگەیەندراوێكدا هۆشداری داوەو ئاماژەی بەوەكردووە: "بۆ كاری زۆر پێویست نەبێت" نەچنە دەرەوەی ماڵەكانیان. وەزارەتی تەندروستیی رێنمایی هاوڵاتیان دەكات كە لە كاتی بوونی "هەر دۆخێكی نەخوازراو" دەتوانن پەیوەندی بە هێڵی گەرمی ژمارە 122 بكەن.
 
پێشتر كەشناسی عیراق بڵاویكردبوەوە، لە شەوی یەكشەممە 22ـی ئایارەوە، شەپۆلێكی خۆڵبارین عیراق دەگرێتەوە كە لە رۆژئاواوە هەڵدەكات و سەرەتا لە بەغدای پایتەخت چڕدەبێتەوە. لە 23ـی ئایار دەگاتە پارێزگاكانی دیكەی ناوەڕاست و باشووری عیراق و هەریەك لە پارێزگاكانی سلێمانی و هەولێر دەگرێتەوە.

 

ڕێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی:

1- داخستنی دەرگا و پەنجەرە و پاککردنەوەی شوێنی خۆڵبارین بە تایبەت بۆ ئەو کەسانەی لە ماڵەوەن.
2-لە کاتی چوونە دەرەوە دەمامک ببەسترێت و ڕوو پۆشی خۆت و شوێنی مانەوە بکەی بەبەردەوامی.
3-دەرگا و پەنجەرە دابخە ئەگەر بۆ حاڵەتی  زۆر پێویست نەبێت مەچۆ دەرەوە.
4-زۆر خواردنەوەی شلەمەنی بەتایبەت لەکاتی شۆفێری و چونە دەرەوە هەوڵبدرێت هەوای ناو ئۆتۆمبێل بکرێتەوە.
5- خواردنی میوە و سەوزە بەبەردەوامی.
6- تێکەڵ نەبوونی هاوڵاتییان و مامەڵە نەکردنیان لەگەڵ سەگ و پشیلە کە لە ئێستادا لەلایەن هاوڵاتییانەوە گرنگی زۆری پێدەدرێت، چونکە ئەو تۆز و خۆڵە لەگەڵ فەرووی ئاژەڵەکان کێشە دروست دەکات.
7- لەکاتی بوونی هەر حاڵەتێکی نەخوازراو هاوڵاتییان دەتوانن پەیوەندی بە هێڵی گەرمی ژمارە 122 بکەن.
کاریگەریەکانی خۆڵبارین:
1- دەبێتە هۆی هەستیاری و پێڵووی چاوەکان سووردەبنەوە و تووشی خوران دەبن.
2-هەستیاریی لوت و بە تایبەتیش نێوپۆشی لوت سوور دەبێتەوە تووشی هەوکردن دەبێتەوە، بەمەش گیرانی لوت دروست دەبێت و کەسەکە تووشی تەنگەنەفەسی دەبێت.
3-گوشاری خوێن و خوێنبەربوون و هەوکردنی گوێچکەی نێوەڕاست، زۆر جار دەرئەنجامی ئەم خۆڵبارینەیە و کاریگەری دروستدەکات لەسەر ئەو کەسە.
4-ئەو کەسانەی کێشەی هەناسەتووندیی و ڕەبۆیان هەیە لەگەڵ ئەم خۆڵبارینە نیشانەکانیان زیاددەکات.
5-زۆر جار دەبێتە هۆی خورانی پێست و سووربوونەوە و نەخۆشیی ئێکزیما.
6-کاریگەری لەسەر کۆئەندامی هەناسەدان و سییەکان دروستدەکات و بەمەش کەسەکە تووشی کۆکە و پژمین و  ناڕەحەتی زۆر دەبێت، چونکە ئەو دەنکۆڵانە هەڵگری میکرۆب و بەکتریان.


داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن