یەكێتی و پارتی لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆیاندا باسی چیان كرد؟

کوردستان

25/05/2022     ژمارەی بینراو 235

راچڵەكین-

كۆبوونەوەی شاندی باڵای مەكتەبی سیاسی یەكێتی و پارتی بەئامادەبوونی بافڵ جەلال تاڵەبانی و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەشاری هەولێر بەڕێوەچوو.

بەگوێرەی ئەو راگەیەندراوە بێت كەبڵاوكراوەتەوە، لەو كۆبوونەوەیەدا، جەختیان لە هاوكاری و پاڵپشتیی هەردوولا بۆ حكوومەتی هەرێمی كورستان و دامودەزگا شەرعییەكانی و بەردەوامیی ڕاگرتنی هەڵمەتی ڕاگەیاندنی دژ بە یەكتر كردەوە.

دەقی راگەیەندراوەكە/

ڕاگەیەنراوی هاوبەشی كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان


ئەمڕۆ چواشەممە 25/5/2022 لە سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان، كۆبوونەوەی هاوبەشی هەردوو مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەڕێوە چوو. 

لە كۆبوونەوەكەدا ڕاشكاوانە پەیوەندییەكانی هەردوولا و دۆخی ئێستای عیراق و هەرێمی كوردستان و زەمینەی هاریكاریی هاوبەش و كاری پێكەوەیی، تاوتوێ كرا.
 
هەردوولا جەختیان كردەوە كە دوای دەستپێشخەری و سەردانی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ سلێمانی، زەمینەیەكی لەبار بۆ گفتوگۆ و ئاساییكردنەوە و پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا و كاركردن بۆ گێڕانەوەی متمانەی نێوان هەردوولا و هاریكاریی نێوان لایەنە سیاسییەكان لە ڕێگەی لێكگەیشتن و گفتوگۆوە، هاتووەتە ئاراوە.

هەردوولا بڕیاریان دا كە بۆ ئەم مەبەستە كۆبوونەوە هاوبەشەكانی هەردوو مەكتەبی سیاسیی پارتی و یەكێتی وەك پرەنسیپی كاری پێكەوەیی بەردەوام بن، هەروەها لیژنەیەكی هاوبەشی مەكتەبی سیاسیی هەردوولا بێت بۆ گفتوگۆكردن لەسەر پرۆسەی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی كوردستان.

لە تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا جەختیان لە هاوكاری و پاڵپشتیی هەردوولا بۆ حكوومەتی هەرێمی كورستان و دامودەزگا شەرعییەكانی و بەردەوامیی ڕاگرتنی هەڵمەتی ڕاگەیاندنی دژ بە یەكتر كردەوە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن