سەرۆكی ئیسرائیل چەند نهێنییەك لەبارەی پەیوەندییەكانیان لەگەڵ توركیا ئاشكرا دەكات

جیهان

25/05/2022     ژمارەی بینراو 405

راچڵەكین –

سەرۆكی ئیسرائیل رایدەگەیەنێت، پەیوەندییەكانیان لەگەڵ توركیا بەرەو باشی دەچێت و خۆشحاڵی خۆیشی نیشاندەدات كە لەگەڵ سەرۆكی توركیا لە دیالۆگێكی كراوەو دۆستانەدایە كە بە ئاڕاستەی دروست هەنگاو دەنێت.

ئیسحاق ھێرزۆگ، سەرۆكی ئیسرائیل، لە میانی بەشداریكردنی لە كۆڕبەندی ئابووریی داڤۆس، ئاماژەی بە بەهێزبوونی پەیوەندییەكانی وڵاتەكەی لەگەڵ توركیا كردو رایگەیاند: لەدوای دەستبەكاربوونم لە پۆستەكەم، پێكەوە لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆككۆماری توركیا، پێواژوویەكی زۆر سەرنجراكێش و بەباشی بیرلێكراومان دەستپێكردووە، كە لە بەرژەوەندی هەردوو وڵاتدایە.

وتیشی:" خاڵی لووتكەی ئەم پێواژووەش، سەردانە مێژووییەكەم بوو كە لە مانگی ئادار بۆ ئەنكەرە و ئیستانبوڵ ئەنجاممدا، سەردانە فەرمییەكەی مەولود چاوشئۆغڵو وەزیری دەرەوی توركیاش بۆ تەلئەڤیڤ، ئاستی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵاتی بردە قۆناغێكی نوێوە".

سەرۆكی ئیسرائیل جەختی لەوەكردەوە كە روانگەی ئەوان، دروستكردنی دیالۆگە لەگەڵ سەرجەم دراوسێكانیان لە دەریای ناوەڕاست بە رۆژھەڵاتی دەریای ناوەڕاست و وڵاتە دۆستەكانەوە، وتی:" وڵاتانی رۆژھەڵاتی دەریای ناوەڕاست دەتوانن ھەماھەنگیی لەسەر بابەتەكانی وەك كەشوهەوا، ئاوی خاوێن، دەریای ناوەڕاست و دەریای سوور بكەن".

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن