راچڵەكین-
نوێنەرێكی كورد لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق دەڵێت، بەپێی نرخی ڕاگەیەنراوی بەرێوەبەرایەتییەكانی حەج و عەمرە لە عیراق و هەرێم، تێچووی حەج بۆ هاووڵاتیانی هەرێم 500 دۆلار زیاترە لە تێچووی حەجكردنی هاووڵاتیانی عیراق.
بەڕێوەبەرایەتی حەج و عەمرەی پارێزگای سلێمانی رایگەیاندووە، ئەو كەسانەی ناویان بۆ فەریزەی حەجی ئەمساڵ دەرچوە، پێویستە لەمڕۆوە بڕی چوار هەزار و ٧٠٠ دۆلار لەگەڵ خۆیان ببەنە بەڕێوەبەرایەتییەكە.
بەپێی ڕاگەیەنراوەكە، وەزارەتی ئەوقاف تەنها دۆلار وەردەگرێت و دراو لە جۆری دینار لە هاووڵاتیان وەرناگرێت.
ئەوە لەكاتێكدا دێت، دەستەی باڵای حەج و عەمرەی عیراق ڕایگەیاندووە، تێچووی حەجی ئەمساڵ لە رێگەی ئاسمانییەوە چوارهەزار و ٢٠٠ دۆلارە و، لە رێگەی وشكانیشەوە تەنها سێ هەزار و ٤٥٠ دۆلارە.
بەم پێیەش تێچووی حەج بۆ هەر هاووڵاتییەكی هەرێم كە دەیەوێت گەشتی حەج ئەنجام بدات 500 دۆلار لە هاووڵاتیانی عێراقی زیاترە.
لەوبارەیەوە سۆران عومەر، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بەدواداچون بۆ هۆكاری جیاوازیی تێچوی حەجی هەرێم و عێراق كردووەو رایگەیاندووە، عیراق هاوكاری حاجیەكانی دەكات، پێویستە هەرێمیش هەمان هاوكاری بكات.
سۆران عومەر دەڵێت:" پاش قسەكردن لەگەڵ شێخ سامی مەسعودی سەرۆكی دەستەی حەج و عەمرەی عیراق و سەردانی د.مەحمود مەشهەدانی سەرۆكی لیژنەی ئەوقافی پەرلەمانی عێراق و قسەكردن لەگەڵ بەرپرسی حەج و عەمرەی هەرێم، دەركەوت هۆكاری زیادكردنی نرخی حەج لەهەرێم بەبەراوردی عێراق بەبڕی ٥٠٠ دۆلار بۆ هەر حاجیەك دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی لەشاری مەككە هەرێم خۆی شوێنی گرتووە بۆ حاجیەكان گوایە نزیكترە لە حەرەم و سێ ژەم خواردن دابین كراوە عێراق دوو ژەم خواردنی دابین كردوە، هەرێم دەرمانی كڕیوە بۆ حاجیەكان بەڵام عێراق دەرمانی بێ بەرامبەرە، عێراق تكتی فڕۆكەی بە داشكاندن دابین كردوە."
" سەرۆكی دەستەی حەج و عەمرە وتی بەهەرێممان وتوە ئێمە شوێنتان بۆ دەگرین كەمتر دەكەوێ وتویانە ئێمە پێشتر ئەوشوێنەمان گرتوەو نزیكترە، وتیشی پێویستە هەرێم لەداهاتی وەزارەتی ئەوقاف و داهاتی عەمرە ئەو پارە زیادە دابین بكەن و هاوكاری حاجیەكان بكەن لەعێراق ئەو ستافانەشی كە لەگەڵ حاجیەكانن پارەی حەجیان لەسەر تێچوی حەجی حاجیەكان دانەنراوە، جگە لەوە دۆلاریان بە ۱۲٠ هەزار بۆ دابین دەكەن و دەستەی حەج و عەمرە داهات و وەبەرهێنانی هەیە لەو داهاتە هاوكاری حاجیەكان دەكات. "