یاسای پاڵپشتی لەناكاوی ئاسایشی خۆراك.. دەبێت بە جێگرەوەی بودجەی گشتیی عیراق

ڕاپۆرت

پێش 3 هەفتە     ژمارەی بینراو 82

راچڵەكین-

رۆژی چوارشەممەی رابردوو لە دانیشتنی ئاسایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراقدا، بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی ئامادەبووی دانیشتنەكە، یاسای پاڵپشتیی لەناكاوی ئاسایشی خۆراك و گەشەپێدان پەسەندكرا كە بۆ یەكەم جارە لەو وڵاتە دەردەكرێت.

پێشتر حكومەتی عیراق پڕۆژەیاسای پاڵپشتیی لەناكاوی ئاسایشی خۆراك ئامادەكرد كە لە ١٠ ماددە پێكھاتبوو و لە رۆژی 9ی مانگی ئایاری رابردوو لە رێگای وەزارەتی داراییەوە، رەوانەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی كرد.

بەڵام دادگای باڵای فیدراڵیی لەسەر سكاڵای پەرلەمانتاری سەربەخۆ لە ئەنجوومەنی نوێنەران، باسم خەشان پڕۆژەیاسای پاڵپشتی خێرای ئاسایشی خۆراكی ھەڵوەشاندەوە.

رێگا دروستەكەی لە ئامادەكردن و پێشكەشكردنی پڕۆژەیاسای بوودجەی گشتیی ساڵانە، سەرەتا حكوومەت ئەو ھەنگاوە دەنێت و دواتر رەوانەی ئەنجوومەنی نوێنەران دەكرێت بۆ ئەوەی پەسەند بكرێت، بەڵام بەھۆی ئەوەی تا ئێستا بەھۆی بەردەوامبوونی ناكۆكییەكانی نێوان لایەنە سیاسییەكانی عێراق، تا ئێستا حكوومەتی نوێ پێكنەھێنراوە و حكوومەتی ئێستایش بە بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵیی بە حكوومەتی كاربەڕێكەر لەقەڵەم دراوە.

لە مانگی رابردوودا، دادگای باڵای فیدراڵیی ئەوەی یەكلاییكردەوە كە حكومەتی ئێستای عێراق، حكومەتێكی كاربەڕێكەرە، ناتوانێت پڕۆژەیاسای بوودجەی گشتیی ساڵی ٢٠٢٢ رەوانەی ئەنجوومەنی نوێنەران بكات و دەبێت حكوومەتی نوێ ئەو كارە بكات.

بۆیە دواتر لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەران یاسای پاڵپشتیی لەناكاوی ئاسایشی خۆراك و گەشەپێدانی ئامادەكرد كە تیایدا گۆڕانكاری لەناو و ناوەرۆكی یاساكە كرد و ھەشت ماددەی دیكەی بۆ زیاد كرد.

ــ ناوەرۆكی یاسای پاڵپشتی لەناكاوی ئاسایشی خۆراك و گەشەپێدان

لە یاساكەكەدا وەزارەتی دارایی عێراقی پابەند كراوە بەوەی كە ھەژمارێكی بانكی بەناوی "پشتیوانی ئاسایشی خۆراك وپەرەپێدان و پارەداركردنە داراییەكان و كەمكردنەوەی ھەژاری" دابمەزرێنێت.

یاسای پاڵپشتی لەناكاوی ئاسایشی خۆراك و گەشەپێدان لە ١٨ ماددە پێكهاتووە و بڕی ٢٥ تریلیۆن دینار وەك بوودجە بۆ یاساكە تەرخانكراوە.

لە یاساكەدا ئاماژە بەوەكراوە كە، وەزیری دارایی بە رەزامەندی ئەنجوومەنی وەزیران بەردەوام دەبێت لە قەرزكردنی نێوخۆیی و دەرەكیی بەمەبەستی پارەداركردنی پڕۆژەكانی پەرەپێدانی بەردەوام و ئەوانەی لە قەرزەكانەوە پارەدار دەكرێن بەپێی یاساكانی پێشووی بوودجە، بەبێ ئەوەی گرێبەستی نوێ بكات.

جگە لەوەیش ھەردوو وەزارەتی دارایی و پلاندانان ناوەرۆكی یاساكە لەرووی دابینكردنی پارەوە جێبەجێ دەكەن و، لە یاساكەدا بەردەوامبوونی كاركردن بە سندوقی ئاوەدانكردنەوەی ناوچە زیانلێكەوتووەكان بەھۆی كردە تیرۆریستییەكانەوە و سندوقی ئاوەدانكردنەوەی پارێزگای زیقار دووپاتكراوەتەوە.

تایبەت بە داھاتی مەرز و دەروازە سنوورییەكانەوە رێگا بە خەرجكردنی رێژەی سەدا ٥٠ی داھاتی دەروازەكان بۆ ئەو پارێزگا و دەروازانەی كە دەكەونە سنوورەكانییانەوە دراوە، لەنێویاندا دەروازە سنوورییەكانی ھەرێمی كوردستان، بەو پێیەی ئەو پارانە بۆ خزمەتگوزاریی یان پڕۆژەكانی وەبەرھێنان لەو پارێزگایانە تەرخان بكرێن، دەبێت رێژەیەك لەو داھاتانە كە لە سەدا ٢٠ كەمتر نەبێت بۆ ئاوەدانكردنەوەی دەروازەكان تەرخان بكرێت.

سەبارەت بە رێوشوێنە چاودێرییەكانیش لە یاساكەدا ھاتووە: "دیوانی چاودێریی دارایی فیدڕالی راپۆرتی وەرزیی لەسەر خەرجییەكان دەبێت و پێشكەش بە ئەنجوومەنی نوێنەران دەكات".

بەپێی رەشنووسی كۆتایی یاسای پاڵپشتیی خێرای ئاسایشی خۆراك و پەرەپێدان، شەش تریلیۆن دینار بۆ وەزارەتی بازرگانی تەرخانكراوە، ھەروەھا بۆ باشتركردنی یەكەكانی فۆڕمی خۆراك و كڕینی برنج و گەنم، بڕی پێنج تریلیۆن و ٥٠٠ ملیار دینار و، بۆ شایستەی كڕینی گەنمی جووتیاران، بڕی ٥٠٠ ملیار دینار دابینكراوە.

ھەر لەچوارچێوەی یاساكەدا، دانەوەی قەرزە دەرەكییەكان و قەرزی ھاوردەكردنی كارەبا و كڕینی گاز و وزە، چوار تریلیۆن دینار بۆ وەزارەتی كارەبا تەرخانكراوە و، بۆ پەرەپێدانی ھەرێمەكان، ھەشت تریلیۆن دینار تەرخانكراوە.

ھەروەھا لەچوارچێوەی یاساكەدا، یەك تریلیۆن دینار بۆ وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتیی تەرخانكراوە كە بەپێی رێژەی دانیشتووانی پارێزگاكان دابەش دەكرێت، ھەروەھا بۆ وانەبێژان، فەرمانبەرانی گرێبەست و دەرچووانی یەكەمی زانكۆكان یەك تریلیۆن دینار تەرخانكراوە.

بەپێی یاساكە، بڕی یەك تریلیۆن دینار بۆ پتڕۆدۆلار تەرخانكراوە كە بەسەر پارێزگا بەرھەمھێنەرەكان و ئەو پارێزگایانەی نەوت دەپاڵیون دابەش دەكرێت.

ھەر لە یاساكەدا، بڕی ٩٠٠ ملیار دینار تایبەت بە كڕینی بنەتۆی گەنم، برنج، جۆ، گەنمەشامی بۆ وەزارەتی كشتوكاڵ تەرخانكراوە.

ھەروەھا لەچوارچێوەی یاساكەدا، بڕی ٦٠٠ ملیار دینار بۆ وەزارەتی نەوت تەرخانكراوە كە لەو بڕەیە، ٥٠٠ ملیار دینار بۆ دانەوەی تێچووی بەرھەمھێنانی نەوتی بەسڕە و ١٠٠ ملیار دینارەكەی دیكەیش بۆ كۆمپانیای نەوتی باكووریش، ١٠٠ ملیار دینار تەرخانكراوە.

ھاوكات لە یاساكەدا، بڕی ٥٠٠ ملیار دینار بۆ وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن تەرخانكراوە، ھەروەھا ١٠٠ ملیار دینار بۆ خەرجی لەناكاو و ١٠٠ ملیار دیناریش بۆ وەزارەتی سەرچاوەكانی ئاو، ١٥٠ ملیار دینار بۆ وەزارەتی پەروەردە تەرخانكراوە.

ھەر لە یاساكەدا، ٥٠٠ ملیار دینار بۆ بوودجەی پەرەپێدانی پارێزگاكا زیادكراوە بەپێی ئەم رێژانە دابەش دەكرێت، لە سەدا ٢٠ ی بۆ پارێزگای دیوانییە، لە سەدا ٢٠ی بۆ موسەننا، لەسەدا ١٥ی بۆ بابل، لەسەدا ١٥ی بۆ میسان،لە سەدا ١٥ی بۆ واست و لە سەدا ١٥ بۆ پارێزگای سەڵاحەددین.

لەچوارچێوەی یاساكەدا، ٥٥٠ ملیار دینار بۆ سندوقی ئاوەدانكردنەوەی ناوچە زیانلێكەوتووەكانی تیرۆر تەرخانكراوە كە بەم شێوەیە دابەش دەكرێت، ١٠٠ ملیار دیناری سندوقی ئاوەدانكردنەوەی زیقار و ٤٥٠ ملیار دینار بۆ سندوقی ئاوەدانكردنەوەی ناوچە زیانلێكەوتووەكانی دەستی داعش.

ھەروەھا لەچوارچێوەی یاساكەدا، ٣٠٠ ملیار دینار بۆ یاسای قەرەبووكردنەوەی زیانلكەوتووانی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكان، تەرخانكراوە و بۆ دەزگای شەھیدان و خەرجییەكانی ھەڵدانەوەی گۆڕە بەكۆمەڵەكانیش، ١٥٠ ملیار دینار تەرخانكراوە.

ھەر بەپێی یاساكە، ١٠٠ ملیار دینار بۆ دەزگای شەھیدان و زیندانی سیاسی و ٢٥ ملیار دینار بۆ فەرماندەیی ھێزەكانی پاسەوانی سنوور تەرخانكراوە.

فڕاكسیۆنە كوردییەكان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق رایانگەیاندووە، لە دانیشتنەكەی رۆژی چوارشەممەی رابردووی ئەنجوومەنی نوێنەراندا، دەنگیان بەو ماددەیەی نێو یاسای پاڵپشتی لەناوكاوی ئاسایشی خۆراك و گەشەپێدان نەداوە كە تایبەتە بە پەرەپێدانی ھەرێمەكان و ئاماژە بەوە دەكەن كە لە كۆی ٢٥ تریلیۆن دینار، ھەشت تریلیۆن بۆ پەرەپێدانی ھەرێمەكان تەرخانكراوە، بەو پێیەی پارێزگاكانی ھەرێمی كوردستان لەو ھەشت تریلیۆن دینارەی كە بۆ پەرەپێدانی ھەرێمەكان تەرخانكراوە، بێبەشكراون.

ھاوكات یاساناسان لە عێراق ئاماژە بەوە دەكەن كە، یاسای پاڵپشتی لەناكاوی ئاسایشی خۆراك و گەشەپێدان كە لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەران پەسەند كراوە، ئەوا دەبێت بە جێگرەوەی بوودجەی گشتیی ساڵی ٢٠٢٢.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندۆرید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن