خوێندنى باڵا یەک ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دیناری بۆ توێژینەوەى زانستى تەرخان کرد

ئابوری

20/06/2022     ژمارەی بینراو 237

راچڵەکین-

وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەمەبەستى پەرەپێدانى زیاترى سێکتەرى خوێندنى باڵا لە کوردستان و بایەخدان بە توێژەرانى زانکۆکانى کوردستان، بڕیاریدا  یەک ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دینار، بۆ ئەنجامدانى توێژینەوەى زانستى تەرخان بکات.

بەگوێرەی راگەیەندراوێکی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی، ئەمڕۆ دووشەممە د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، لە ڕێوڕەسمى ئاڵوگۆڕى پۆستى سەرۆکى زانکۆى کۆیە کەتیایدا (د. محمد حسیب) لە شوێنى (د. وەلى محمود) وەک سەرۆکى نوێى زانکۆى کۆیە دەستبەکاربوو، رایگەیاند، بەمەبەستى پەرەپێدانى زیاترى سێکتەرى خوێندنى باڵا لە کوردستان و بایەخدان بە توێژەرانى زانکۆکانى کوردستان، بڕیاریدا  یەک ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دینار، بۆ ئەنجامدانى توێژینەوەى زانستى و ئەو توێژینەوانەى دەچنە بوارى خزمەتکردن بە کێشەو بابەتە گرنگەکانى پەیوەست بە کۆمەڵگە تەرخان بکات.

وتیشی:"توێژینەوەى زانستى بنەماى پێشکەوتنى کۆمەڵگەو حکومەت و دامەزراوەکانە، بۆیە ئەو حکومەتانەى لەسەر بنەماى دەرئەنجامەکانى توێژینەوەى زانستى کار و پلانى داهاتویان دادەڕێژن، کۆمەڵگەو حکومەتى پێشکەوتون و بەشێوەیەکى سەرکەوتوانە دەتوانن ڕوبەڕوى ئاڵنگارییەکان ببنەوە".

ئاماژەی بەوەشکرد کە تەرخانکردنى ئەم بڕە پارەیە بۆ توێژینەوەى توێژەرەکانمان، بەشداریکردنە لە بونیادنانەوەى ژێرخان و سەرخانى هەرێمى کوردستان.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن