بەریتانیا.. بەهۆی مانگرتنەوە كێشە بۆ كەرتی گواستنەوە دروستدەبێت

جیهان

21/06/2022     ژمارەی بینراو 117

راچڵەكین –

بەهۆی ئەو مانگرتنە فراوانەی كە لەلایەن سەندیكای هێڵی ئاسن و دەریایی و گواستنەوە لە بەریتانیا دەستیپێكردووە، كێشەی گواستنەوە لە سەرتاسەری ئەو وڵاتەدا دروستبووە.

دوای ئەوەی لەدژی هەڵاوسان و بەرزبوونەوەی نرخەكان، سەندیكای هێڵی ئاسن و دەریایی و گواستنەوە لە بەریتانیا دەستیان بە مانگرتن كرد، ئاستەنگێكی زۆر بۆ كەرتی گواستنەوە لەو وڵاتە دروستبووەو زۆربەی شەمەندەفەرەكانیش لە رۆژدا لە خزمەتگوزاری دەوەستن.

بەهۆی مانگرتنەكەوە وێستگە بەنێوبانگەكانی وەك ئیستۆن، واتەرو و پردی لەندەن بە چۆڵی بینران، هەروەها بەشێكی زۆری گەشتەكانی میترۆ لە لەندەن هەڵپەسێردران، بەو هۆیەشەوە هاووڵاتییان ناچاربوون هێڵی پاس بەكاربهێنن.

لەو مانگرتنەدا كە بە گەورەترین مانگرتن لە ماوەی 30 ساڵی رابردوو لە بەریتانیا دادەنرێت، زیاتر لە 40 هەزار كرێكار بەشدارییان تێدا كردووە، لە كاتێكدا سەندیكاكە دەیەوێت لە بەرامبەر بەرزبوونەوەی رێژەی هەڵاوساندا بە رێژەی 7% مووچەی هاووڵاتییان زیاد بكات، حكومەتی بەریتانیا پێشنیاری 3% دەكات. ئەمەش لەكاتێكدایە پێشبینی دەكرێت لە وەرزی پاییزدا هەڵاوسان لەو وڵاتە بگاتە رێژەی 11%.

میك لینچ، سكرتێری گشتیی سەندیكای هێڵی ئاسن و دەریایی و گواستنەوەی بەریتانیا، هۆشداری دا لەوەی كە ئەم ململانێیە دەتوانێت چەند مانگێك بەردەوام بێت، ئاماژەی بەوەشكرد، حكومەت چوار ملیار پاوەندی لە بودجەكەی كەمكردووەتەوەو چالاكانە رێگری دەكات لە چارەسەركردنی كێشەكە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن