مستەفا چاو ڕەش: چاوەرێ دەكەین تا بزانین ئەمانە كێن كە بە مووشەك هێرش دەكەنە سەر كۆرمۆر

چاوپێکەوتن

27/06/2022     ژمارەی بینراو 545

راچڵەكین-

بەرپرسی هێزەكانی حەفتای پێشمەرگە لەبارەی هێرشە مووشەكییەكانی چەند رۆژی رابردووی سەر كیڵگەی كۆرمۆر لەچەمچەماڵ، دەڵێت:" چاوەرێ دەكەین تا بزانین ئەمانە كێن كە بە مووشەك هێرش دەكەنە سەر كۆرمۆر."

مستەفا چاوڕەش، لەچاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ بەشی كوردی دەنگی ئەمریكا سەبارەت بەو موشەكانە دەڵێت" ئەمەی ئێستا تازەیە شتێكە‌ لەڕابردوودا نەبووە، ئەمەش هۆكاری زۆرە، با جارێ پەلە نەكەین و بڕیار لەسەر ئەوە نەدەین، خۆشمان نامانەوێت جارێ لەسەر شتێك قسە بكەین كە 100% بۆمان ڕوونەبێتەوە، ئەگەرنا ئێمە لەگەڵ عێراقدا لە هەماهەنگیداین بۆئەوەی كە بزانیین چارەسەری ئەو دۆخە بكە‌ین لەداهاتوو، دەربارەی هەڵوێستی حكومەتی عێراقیش لەسەر ئەو موشەكانە بەرپرسی هێزەكانی حەفا دەڵێت" حكومەتی عێراق بەحسابی خۆیان ئیدانەی هێرشەكان دەكەن، بەڵام لەعێراق هەزار و یەك حكومەت هەیە‌، دەشڵێت" "عێراقیش ئەوەندە دۆخی خۆی جوان نییه، تا بێت ‌ پەلاماری ئێمە بدات، جارێ با عێراق برینی سەری خۆی چارەسەر بكات بكات ئێمە به ‌نیازنین لەگەڵ عێراقدا تووشی كێشە ببین، بەڵام ئەگەر شتێكیش بوو بەرگری لە خاكی خۆمان دەكەین، ئەركی هەموو خەڵكی كوردستانە ئەم دۆخە تەنها لەسەر پێشمەرگە تاپۆ نییە، جاری وا هەیە هیچ نەبووە خەڵك خەریكە بە فەیسبوك شەڕەكە هەڵدەگیرسێنێت "

وتیشی:" ئێمە هێزەكانمان لەوێیە ئەم كاتوێشایانەی كە دەهاوێژرێن لەناوچەی كۆرمۆر لەژێردەستی ئێمەوە ناهاوێژرێت، بەڵكو ئەوە لەو بۆشاییەوەیە كە لەنێوان ئێمە و حكومەتی عێراقدایە لەوێوەیه،‌ هەتا ئێستاش ئێمە هەر چاوەڕوانین و چاودێری ئەوە دەكەین بزانین ئەمانە كێن؟ ئایا داعشە؟ حەشدی شەعبیه؟‌ یان خەڵكی ترە؟ لەبەرئەوە هەتا ئێستا ئەو شوێنانەشی كە هاویشتویانە بەر دەوروبەری كۆرمۆر كە‌وتووە و زیانی نەبووه،‌ بەڵام هێزەكانی ئێمە لەوێن لەوەتەی دروستبووە لەژێر كۆنترۆڵی هێزی پێشمەرگەدایه،‌ چونكە نەك ئەوێ، بەڵكو هەموو شوێنەكانی تریش بۆ دوز و بۆ جەلەولا و بۆ خانەقین ئێمە هێزەكانمان لەوێ دابەشكردووە و ناوبەناو كێوماڵی شوێنەكانیش دەكەین. "

مستەفا چاوڕەش دەشڵێت" لەماوەی ئەم سێ ڕۆژەشدا ئێمە لیوای 16 مان لەوێیە و لیوایەكی هێزی پێشمەرگەیە و سەربە وەزارەتی پێشمەرگەیە، هێزەكانی بەرگری و فریاكەوتن سەربە وەزارەتی ناوخۆیە كاك ڕێبوار فەرماندەی لیوای 16 یە خاڵە كاكەمەند لەبەرگری و فریاكەوتنە لەگەڵ میحوەرەكانی تر ئێمە هەماهەنگیمان هەیە كاك مەردان لە میحوەری دووە كاك جەمال فەرماندەی لیوایە ئێمە سات بە سات ئاگامان لە بارودۆخەكانە و هێزی ئێمە لەوێیە. "

بەرپرسی هێزەكانی حەفتای پێشمەرگە ڕەتیكردەوە، هێزەكانی پێشمەرگە و هێزەكانی عێراق بەرامبەر یەك وەستابێتن لەو ڕووەوە مستەفا چاوڕەش دەڵێت"ئەو هێزەی ڕۆژی شەممەش هاتبوون بۆ ناوچەكە تەنها بۆ ئەوە هاتبوون بۆ هەندێك لەو شوێنانەی كە بۆشایی تێدایە پاش ئەوەی لەگەڵ پێشمەرگە یەك تریان بینی ئێستا هێزەكان گەڕاونەتەوە و بەرامبەر یەكتری نەوەستاوین، چونكە هەماهەنگیەك هەیە ناو بەناو ئێمە پێكەوە كێوماڵی ئەو شوێنانە دەكە‌ین، بەڵام ئەمەی ئێستا تازەیە شتێكە‌ لەڕابردوودا نەبووە، ئەمەش هۆكاری زۆرە با جارێ پەلە نەكەین و بڕیار لەسەر ئەوە نەدەین خۆشمان نامانەوێت جارێ لەسەر شتێك قسە بكەین كە 100% بۆمان ڕوونەبێتەوە، ئەگەرنا ئێمە لەگەڵ عێراقدا لە هەماهەنگیداین بۆئەوەی كە بزانیین چارەسەری ئەو دۆخە بكە‌ین لەداهاتوودا. "

لەبارەی ئەوەی لە حكومەتی عیراقیان پرسیووە دەربارەی ئەنجامدەرانی ئەو هێرشانە كێن؟ مستەفا چاوڕەش ووتی:" بەڵێ ئەوانیش ئیدانەی دەكەن بەحسابی خۆیان، بەڵام له ‌عێراق هەزار و یەك حكومەت هەیە ئەوەتا هەشت مانگە هەڵبژاردن كراوە كە‌چی حكومەت پێكنەهێنرا و سەدر كشایەوە و ئەوی تر دەڵێت من حكومەت پێكدەهێنم لەبەرئەوە هەرناوی حكومەتە ئەگەرنا مەركەزیەتی نییه،‌ بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە ئەوەندەی پێمان بكرێت و ئەوەندەی لەتوانامان هەبێت خۆمان دابەشكردووە و لەسەر خەتین لەسەر ئەو بابەتانە، هیوادەخوازم لەداهاتوودا بتوانیین بە بڕیارێكی باش و بەئەنجامی ئەوەی بزانین چییە چارەسەری ئەم دۆخە بكە‌ین. "

دەربارەی ئەگەری پێكدانانی سەربازی لەنێوان هێزەكانی پێشمەرگە و هێزەكانی عیراقدا بەتایبەتی باس لەوە دەكرێت كە عیراق دەیەوێت دەست بەسەر ئەو كێڵگە غازی و كێڵگە نەوتیەكانی هەرێمدا بگرێت، بەتایبەت دوای بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی عێراق؟ لە وەڵامدا بەرپرسی هێزەكانی حەفتا (مستەفا چاوڕەش) وتی:" جا بۆ ئێمە بۆ ئەو شتانە ئاوات بخوازین! خۆ عێراقیش ئەوەندە دۆخی جوان نییە پەلاماری ئێمە بدات! جارێ با عێراق برینی سەری خۆی چارەسەر بكات، ئێمە نامانەوێت بكەوینە كێشەوە لەگەڵ عێراقدا، چونكە ئێمە بەشێكین لەو عێراقە هەتا بتوانین بۆمان بكرێت هەماهەنگی بكەین بۆ لەناوبردنی داعش ئێمە بەرنامەكانمان وایە كۆبوونەوەی هاوبەشمان هەیە لە بەغداد، كۆبوونەوەمان هەیە لە وەزارەت، لە میحوەركانی خۆمان لەخانەقین و لە شوێنەكانی تر هەماهەنگی هەیە ئەوەی ئەمڕۆی عێراق هاتووە بۆ شەڕ نەهاتووە، بەڵام ئێمە خۆمان دەبێت هەمووكاتێك لەسەنگەردا بین و ئامادە بین چونكە دەبێت پشت بەخۆمان ببەستین ئەگەرنا عێراق حاكمیەتی هەرئەوەیە ناوی "زلە و دێی وێرانە" وەكو باسمكرد گەورەترین كێشە هەیە. "

مستەفا چاوڕەش دەشڵێت:" یەكێك لە عەیبەكانی خۆشمان ئەوەیە پێویستە ئێمە وەكو كورد پارتی و یەكێتی دوو هێزی گەورەین لە گۆڕەپانەكەین هاوكاری تەواومان هەبێت و ڕێكبكەوین و سەركردایەتیەكان دابنیشین بەیەكەوە و چارەسەری ئەو دۆخە بكەن بۆ عێراقیش یەك وەفدمان هەبێت و هەریەكە بەلایەكدا نەچێت ئەمانە دۆخێكی ئەوەندە ئاڵۆزە لەعێراقدا لەئەمەریكاوە بەقسە ئاسانه،‌ لەو گەنجانەی كە لە فەیسبوك شت دەنووسن جاری وا هەیە هیچ نەبووە خەڵك خەریكە بە فەیسبوك شەڕەكە هەڵدەگیرسێنێت، بەڵام ئێمە ئەوەی ئەركی خۆمانە پێشمەرگەمان لەسەنگەردایە هەمیشە وادەكەین كە بەرگری لەخاكی خۆمان و لە كۆرمۆر و لەهەموو ئەو شوێنانە بكەین كە كوردستانن دەبێت پشت بەخۆمان ببەستین ئەگەرنا عێراق حاكمیەتی هەرئەوەیە ناوی "زلە و دێی وێرانە"

*ئێوە وەكو بەرپرسێكی سەربازی و سیاسیش ناكرێت ئێوە دووربین تر بن كە خەڵك ئەو پێشبینیەی هەیە كاریش لەسەر ئەو پێشبینیە بكەن ئەگەر بە جددیش وەری نەگرن، بەڵام وەكو ئەگەرێكی دوور نایبینن؟

لە وەڵامدا بەرپرسی هێزەكانی حەفتا وتی" هەركاتێك حسابی خۆی هەیە ئێمە لە 16ی ئۆكتۆبەردا زیانی زۆرمان كردووه،‌ بەڵام ئەو عێراقەی كە ناوی عێراقە ئەوەی ئێستا لە حوكمە و ئەوەی له ‌دوای ئەویش دێت چاوی بە كوردستان هەڵنایەت، بۆیە پێویستە كورد خۆی یەكگرتوو بێت و خۆمان پشتی خۆمان بخورێنین و چاومان لەدەستی هیچ كەسێك نەبێت لەبەرئەوەی دراوسێكانیشمان كورد نییە ئەوەی كە پێویستە دوورمەودا بین و نەخشەی دوورمان هەبێت، بەڵام نەگبەتیەكە لەوەدایە كە لەم دۆخەدا دەبینرێت هەریەكە و لە ئاوازێك دەخوێنێت. "

پێتان وایە عیراق نیازی هەیە لەڕێگەی هێزەوە دەست بەسەر كۆرمۆر و بیرە نەوتیەكانی هەرێمی كوردستاندا بگرێت؟ وەڵامی مستەفا چاوڕەش بەمجۆرەو بوو" جارێ بۆ من ئەو ڕێگەیە خۆش بكەم و ئەو لێدوانە بدەم؟! نەخێر لەهەر ڕووداوێكدا ئێمەش دەبێت هەڵوێستی خۆمانمان هەبێت هیوادەخوازم هەرگیز عێراق بیر لەوە نەكەنەوە، چونكە كۆرمۆر و بنكەی غاز بۆ خزمەتە ئەگەر ئەوە نەبێت ئەی ئەم میللەتە بەچی دەژی! جا ئەگەر نیازی واش هەبوو "لكل حادپ حدیپ"

*پێتوایە خەڵكی كوردستان بەرگری دەكات ئەگەر عێراق نیازێكی وای هەبێت هێرش بكاتە سەر كێڵگە غازییەكان و بیرە نەوتییەكانی هەرێم؟

لە وەڵامدا بەرپرسی هێزەكانی حەفتا، مستەفا چاوڕەش دەڵێت:" بۆ نایكات! ئێمە هەموومان بەرپرسین، خۆ تەنها پێشمەرگە بەرپرس نییە لەوەی كە بیپارێزێت، ئەگەر بێن مەترێك زەوی داگیربكەن لە خاكی كوردستان داگیری دەكەن ئێمە به ‌نیازنین لەگەڵ عێراقدا تووشی كێشە ببین، بەڵام ئەگەر شتێكیش بوو بەرگری لە خاكی خۆمان دەكەین نەچووینەتە سەر ماڵی كەس كاتێك ئێمە كوردستانمان دەپاراست پاسەوانی بەغدادیشمان دەكرد لەسەردەمێكدا، داعش هات دنیای داگیر كرد هێزی پێشمەرگە ئەو وڵاتانەی پاراست ئەمانەی كە حاكمیشن ئێستا هەریەكەی لە وڵاتێك بوون بەهیمەتی پێشمەرگە و عەقڵی گەورەی مام جەلال و سەركردایەتی كورد بەو هاوكاری و تەبایەی لایەنە سیاسیەكانی كوردستان توانیمان لەو عێراقە و لەو دەستورەی كە هەیە ئێستا گەڕمان پێدەكەن دەستورەكەش تێكبدەن، لەبەرئەوە پێویستە ئێمە دوورمەودا بین و هەرچیشمان پێدەكرێت درێغی نەكەین ئەركی هەموو خەڵكی كوردستانە ئەم دۆخە تەنها لەسەر پێشمەرگە تاپۆ نییە. "

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن