بەڕێوەبەری کشتوکاڵی سلێمانی: زیاتر لە چوار هەزار کەس فۆڕمی دامەزراندنیان پڕکردووەتەوە

ڕاپۆرت

17/07/2022     ژمارەی بینراو 475

راچڵەکین-کۆچەر عەزیز

وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێم رایدەگەیەنێت، زیاتر لە حەوت هەزار دەرچووی کۆلێژەکانی کشتوکاڵ و ڤێتەرنەری فۆڕمیان بۆ دامەزراندن پڕکردووەتەوە، بەرێوەبەری  کشتوکاڵی سلێمانیش دەڵێت:" چوار هەزار کەس لە سنووری پارێزگای سلێمانی فۆڕمیان پڕکردووەتەوە".

حسێن حەمە کەریم، وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ ئەمڕۆ یەکشەممە لە لێدوانێکدا بە ڕاچڵەکین-ی راگەیاند، تا ئێستا زیاتر لە حەوت هەزار دەرچووی کۆلێژی کشتوکاڵ و ڤێتەرنەری فۆڕمیان بۆ دامەزراندن پڕکردووەتەوە و زۆرترین رێژەش لە پارێزگای سلێمانی بووە کە چوار هەزار فۆڕمە و کۆتایی ئەم مانگەش دوا وادەیە بۆ پڕکردنەوەی فۆڕمەکان.

 سەبارەت بەوەی کە ئایا رێژەکە چۆن بەسەر پارێزگاکاندا دابەشکراوە، وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ راشیگەیاند، بە رێژە نییە بەپێی ژمارەی ئەو پرۆژانەیە کە لە پارێزگاکان هەیە، ئێستا بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی شارەکان سەرقاڵی ئەوەن کە بزانن چەند پرۆژە هەیە و چەند کەسیان پێویستە.
 
بەراورد بە پارێزگاکانی دیکە لە سلێمانی زۆرترین رێژەی فۆڕم پڕکراوەتەوە، لەو بارەیەوە شاڵاو جەمال، بەرێوەبەری کشتوکاڵی سلێمانی لە لێدوانێکدا بۆ راچڵەکین وتی:"چوار هەزار فۆڕم پڕکراوەتەوە کە زۆرترینی دەرچوانی بەشە کشتوکاڵییەکانن و ئەو پڕۆژانەی لە سنووری پارێزگای سلێمانیین پێویستییان بە ١٥٠٠ کەس هەیە و رێژەی دانانی کەسەکان لە پرۆژەکان کەوتووەتەوە سەر گەورە و بچووکی پرۆژەکان".

سەبارەت بەوەی کە ئایا کاتی پێشکەشکردنی فۆڕم درێژ دەکرێتەوە وتیشی:" تا ئێستا هیچ بڕیارێکی وا نییە بۆ ئەوەی کاتەکەی درێژ بکرێتەوە و ئەگەر  بڕیارێکی واش هەبێت رایدەگەیەنین". 

رۆژی 28-6-2022، بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "لە چوارچێوەی یاسای ژمارە 20ـی ساڵی 2021 کە یاسای سەرپەرشتیارانی پڕۆژەکانی کشتوکاڵییە لە کەرتی تایبەت، نزیکەی پێنج هەزار هەلی کار بۆ دەرچووانی بەشەکانی کشتوکاڵ و ڤێتێرنەری لە هەرێمی کوردستان رادەگەیەنن".

وتیشی، "رێنمایی تاییەتیان بۆ یاساکە دەرچواندووە، کە رێنمایی ژمارە 4ـی ساڵی 2022ـە و تایبەتە بە جێبەجێکردنی یاساکە لە هەرێمی کوردستان و ئەم رەهەندانە لە خۆ دەگرێت. 
 
یەکەم: دەرگای دامەزراندن بۆ دەرچووانی کشتوکاڵ و ڤێتێرنەری دەکەینەوە بۆ سەرپەرشتیکردنی پڕۆژە کشتوکاڵییەکان بەشێوەیەکی گشتی لە هەموو پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان.  
 
دووەم: هێنانە کایەی دادپەروەری، واتا جارێکی دیکە لە بواری کەرتی کشتوکاڵ دوو کاری نامێنێت، ئەو کەسانەی لە کەرتی حکومەت کار دەکەن ناتوانن لە کەرتی تایبەت سەرپەرشتی پڕۆژە کشتوکاڵییەکان بکەن. ئەوەش وا دەکات خواستی خوێندکاران بۆ وەرگرتن لە کۆلێژی کشتوکاڵی و ڤێتێرنەری زیاد بکات بەو مانایەی دوای دەرچوونیان دەرفەتی کاریان بۆ دەڕەخسێت. 
 
سێیەم: بۆ یەکەمجارە لە ناو یاساکەدا ئاماژەمان بە بابەتی دەستەبەری خانەنشینبوون داوە بۆ ئەو دەرچووانەی کە لە کەرتی تایبەت کار دەکەن، دەتوانن وەک هەر فەرمانبەرێکی دیکەی کەرتی گشتی دوای ئەوەی خۆیان دەستبەر دەکەن بەپێی یاسای کار لە وەزارەتی کاروکاروباری کۆمەڵایەتیی دەتوانن دواتر مافی خانەنشینبوونیان هەبێت، لە دوو هەفتەی رابردووشدا قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەت سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی کرد، بۆ دووبارە هەموارکردنەوەی یاسای کار لە پڕۆژەیەکی نوێ بۆ ئەوەی بتوانین دەستەبەری مافی خانەنشینبوون بۆ ئەو کەسانە بکەین کە لە کەرتی تایبەت کار دەکەن. ئێمەش لە وەزارەتی کشتوکاڵ لە دەرچوواندنی ئەو یاساییە مادەیەکمان لەو بارەوە جێگیر کردووە.
 
چوارەم: لە یاساکەدا هەموو پسپۆڕییەکان جیاکراونەتەوە هەر کەسێک بەگوێرەی پسپۆڕییەکەی شوێنی کارکردنی دیاریکراوە. 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن