بایدن وردەكاری كوشتنی زەواهیری ئاشكرا دەكات

جیهان

02/08/2022     ژمارەی بینراو 344


بەرەبەیانی ئەمڕۆ بەكاتی هەرێمی كوردستان، جۆ بایدن، لە وتارێكیدا كوژرانی زەواهیری راگەیاند و ئاماژەی بەوەكرد، هێرشەكە لەڕێی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان لە رۆژی شەممەی رابردوودا ئەنجامدراوە.

وتیشی، ئەمریكا لە سەرەتای ئەمساڵەوە زانیاری هەبووە كە زەواهیری لەو ماڵەدایە لە كابول-ی پایتەختی ئەفغانستان، دوو هەفتە لەمەوبەریش بەتەواوی دڵنیابوونەتەوە، لە كاتی هێرشەكەشدا زەواهیری بەتەنیا لە باڵكۆنی ژوورێكدابووە و بە مووشەك كراوەتە ئامانج، هیچ یەكێك لەئەندامانی خێزانەكەی یاخود هاوڵاتیانی مەدەنی بەر هێرشەكە نەكەوتوون.

زەبیحوڵڵا موجاهید، وتەبێژی تاڵیبان، كوژرانی زەواهیری لەهێرشێكی ئەمریكادا پشت راستكردووەو بە " توندی" سەركۆنەی كرد.  

ئەیمەن زەواهیری لە 19-7-1951 لە میسر لەدایكبووە. لە ساڵی 1974 تاساڵی 1977 لە سوپای میسر سەربازیی كردووە. زۆربەی كەسانی بنەماڵەكەی پسپۆڕ و پزیشك و كەسانی ئەكادیمی بوون. 

لە ساڵی 1988ـەوە پەیوەندی بە قاعیدەوە كردووە و یەكێك بووە لەوانەی كە لە ساڵی 1980 و بەتۆمەتی هەوڵی تیرۆركردنی ئەنوەر سادات، سەرۆكی ئەوكاتی میسر دەستگیركراوە. 

زەواهیری چوار جار هاوسەرگیریی كردووە و یەكەم هاوسەرگیریی لە ساڵی 1978 بووە، بەرهەمی ئەو هاوسەرگیرییەی حەوت منداڵە كە چواریان كچن.

ئەیمەن زەواهیری بە بنەچە میسرییە، لە ساڵی 2011ـەوە سەرۆكی رێكخراوی قاعیدەیە و شوێنگرەوەی ئوسامە بن لادنە.
 
ئەیمەن زەواهیری لە لیستی داواكراوترین كەسەكانە لە وەزارەتی دادی ئەمریكا كە تۆمەتبارە بە "كوشتنی هاووڵاتیی ئەمریكی لە دەرەوەی خاكی ویلایەتە یەكگرتووەكان، پلاندانان بۆ كوشتنی هاووڵاتییانی ئەمریكی، هێرشكردنە سەر دامەزراوە فیدراڵییەكانی ئەمریكا كە گیانلەدەستدانی لێكەوتووەتەوە."

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن