مووچە پاشەکەوتکراوەکانی فەرمانبەران لای حکومەت چییان بەسەر دێت؟

ئابوری

05/08/2022     ژمارەی بینراو 454

راچڵەکین-

سەرۆكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان ڕایگەیاند، ڕاپۆرتێكی گشتگیریان ئامادەكردووە تایبەت بە چەند پرسێكی گرنگی پەیوەست بە مووچەخۆران و هاووڵاتییان، دەشڵێت:"پاشەكەوتی مووچە و پلەبەرزکردنەوە بڕگەیەكی سەرەكی ڕاپۆرتەكەیانە و دواتر دەخرێتە بەردەم دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان".  
 
زیاد جەبار، سەرۆكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان لە فراکسیۆنی یەکێتی بە میدیای فەرمی حزبەکەی راگەیاندووە:" لە لیژنەكەمان ڕاپۆرتێكی گشتگیرمان ئامادەكردوە كە چەند بڕگەیەكی گرنگ لە خۆدەگرێت، لەوانە دەستپێكردنەوەی پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران كە ماوەی شەش ساڵە بە نایاسایی ڕاگیراوە و لەگەڵ نەبوونی یاسای بودجە كە هەرێمی كوردستان هەشت ساڵ زیاترە یاسای بودجەی نییە".  

ئاماژەی بەوەشکردووە، حكومەت قەرزی لای مووچەخۆرانە و ماوەی چەند ساڵێكیش پاشەكەوت لەسەر مووچە كراوە، بۆیە دەتوانرێت قەرزەكانی حكومەت لە مووچە پاشەكەوتكراوەكان بدرێنەوە جۆرێك لە "مقاصە"لە نێوان قەرزەكاندا بكرێن.   

سەرۆكی لیژنەی دارایی دەشڵێت:" ڕاپۆرتەكەیان ئامادەكردووە و سەرقاڵی ڕێكخستنەوەین و دواتر دەخرێتە بەردەم دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان بەمەبەستی بانگهێشتكردنی وەزیری دارایی و هەر كاتێك ئامادەی كۆبوونەوەی پەرلەمان بوو ئەوا ڕاپۆرتەكە تاووتوێ دەكرێت و بڕیاری لەبارەوە دەدرێت". 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن