ریال مەدرید یەكەم سێ خاڵی لەلایگادا بەدەستهێنا

وەرزش

15/08/2022     ژمارەی بینراو 234


راچڵەكین-

یانەی ریال مەدرید لەیەكەم یاری خولی لالیگادا بردنەوەیەكی زەحمەتی بەرامبەر ئەلمێریا تۆماركرد.

شەوی رابردوو لە گەڕی یەكەمی خولی لالیگای ئیسپانیا، هەردوو یانەی ریال مەدرید، پاڵەوانی وەرزی رابردوو لەگەڵ یانەی ئەلمیریا بەیەكگەیشتن.

لەیاریەكی پڕ ململانێی و كێشمەكێشدا، كوڕانی ئەنچیلۆتی توانیان ئەنجامەكەی لەبەرژەوەندی خۆیان یەكلا بكەنەوەو بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێك سەركەوتنیان بەدەستهێنا.

تەنها شەش خولەك بەس بوو بۆ ئەوەی یانەی ئەلمیریا تۆڕی گۆڵی یانەی شاهانە لەرێی لارجی رەمزانی بهەژینێت، بەوەش یانەی خاوەن ماڵ یەكەم گۆڵی یاریەكەیان تۆماركرد و یانەی ریال مەدریدیان بێزاركرد.

گێمی یەكەمی یاریەكە بەپێشكەوتنی یانەی ئەلمیریا كۆتایی هات، هێرش و فشارەكانی یاریزانانی یانەی ریال مەدرید بۆ سەر گۆڵی یانەی خانەخوێ تا لەخولی 60ی یاریەكەدا لۆكاس ڤاسكێز، گۆڵی یەكسانبوونی بۆ یانەی شاهانە تۆماركرد.

یاریەكە تا خولەكی 74 بەو ئەنجامە بەردەوام بوو تا ئەو كاتەی داڤید ئالابا-ی نەمسایی بەلێدانێكی راستەوخۆ، یانەی شاهانەی كردە خاوەنی گۆڵی دووەم ، بەو ئەنجامەش یانەی ریال مەدرید یەكەم سێ خاڵی خولی لالیگای بەدەستهێنا.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن