راچڵەكین
پەرلەمانتارێكی نەوەی نوێ لە هۆشدارینامەیەكدا بۆ دەسەڵاتدارای هەرێم رایدەگەیەنێت، تا كار لەكارنەترازاوەو بارودۆخ لە كۆنترۆڵ دەرنەچووە، موچە دابەشبكەن و ژیانی خەڵك باش بكەن.
مژدە مەحمود ئەندامی فراكسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی كوردستان، بە حكومەت دەڵێت: خەڵك كە لەماڵەوەیەو پابەندی رێنماییە تەندروستییەكانە، بەو بێ موچەیی و بێ ئێشییە رازی نییە.
دەقی هۆشدارییەكە:
هۆشداریەك بۆ دەسەلاتدارانی هەرێم
خەڵكی هەرێمی كوردستان كە لەماڵەوەیەو پاپەندی ڕێنماییە تەندروستیەكان بووە، بەهەڵەدا نەچووبن كە ڕازیە بەو بێ موچەییەو بێ ئیشی و ئەو ژیانە كولەمەرگیە.. هەر بۆ زانیاری و بەرچاو ڕوونیتان ڕۆژانە زۆرێك لە موچەخۆرو تەنانەت كاسبكاریش پەیوەندیم پێوە دەكەن و باسی سەختی بارودۆخی ژیانیان دەكەن و ئەڵێن ئاوا بڕوا مانەوە لەماڵەوە مانایەكی نامێنێ كە لەبرسا بمرین وەك برۆینە دەرەوەو توشی كۆرۆنا بین..
بە كوردی و بەكورتی تا كار لە كار نەترازاوەو بارودۆخ لەكۆنترۆڵ دەرنەچووە، موچەی خەڵك بدەن و بارودۆخ و ژیانی خەڵك تۆزێ باش كەن، یان دان بنێن بەوەی ئێوە ئەهلی حكومداری نین و واز لەم خەڵكە بێنن، یاخود خۆتان هەڵگری بەرپرسیارێتین لەو دۆخەی كە بۆ خەڵكتان دروستكردووە، لەكاردانەوەی ئەوەی بە برسێتی و بێموچەیی و بێكارو كاسبی خستوتانە ژووری ماڵەكانەوە.
مژدە مەحمود
پەرلەمانتاری نەوەی نوێ