دانیشتنەكانی پەرلەمانی عیراق دەستپێدەكاتەوە

عێراق

10/09/2022     ژمارەی بینراو 196

راچڵەكین –

بڕیاردەری ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ئاشكرایدەكات، رێككەوتنێكی سەرەتایی لەنێوان سەرۆكایەتی پەرلەمان و كوتلە سیاسییەكان هەیە بۆ دەستپێكردنەوەی دانیشتنەكانی پەرلەمان لەدوای تەواوبوونی یادی چلەی ئیمام حوسێن.

غەریب عەسكەر، بڕیاردەری ئەنجومەنی نوێنەران، بە ماڵپەڕی شەفەق نیوز-ی راگەیاندووە، بەپێی ئەو رێككەوتنە سەرەتاییەی كە لەنێوان سەرۆكایەتی پەرلەمان و كوتلە سیاسییەكان كراوە، لەدوای كۆتایی هاتنی رێورەسمی یادی چلەی ئیمام حوسێن، ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق دانیشتنێك ئەنجام دەدات بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمارو پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت.

بڕیاردەری پەرلەمانی عیراق ئاماژەی بەوەشكردووە، چەندین پرۆژەیاسا هەیە كە بەهۆی راگرتنی دانیشتنەكانی پەرلەمان پەكخراون، دوای دەستپێكردنەوەی دانیشتنەكان، سەرجەمیان دەنگیان لەسەر دەدرێت و دەكرێنە یاسای بەركار.

لێدوانەكەی غەریب عەسكەر، لەكاتێكدایە تائێستا سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نوێنەران بەفەرمی وادەی دەستپێكردنەوەی دانیشتنەكانی پەرلەمانی رانەگەیاندووە، ئەوەش بەهۆی رێكنەكەوتنی لایەنە سیاسییەكان لەسەر هەڵبژاردنی سەۆك كۆمارو پێكهێنانی حكومەت، هاوكات رەوتی سەدر بەردەوامە لەسەر پێداگرتنی بە هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە. 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن