شەوی رابردوو لە شەقامی سالم چی روویدا؟

کوردستان

16/09/2022     ژمارەی بینراو 265

راچڵەکین-

ئاسایشی سلێمانی لەسەر رووداوەکەی شەوی رابردووی شەقامی سالم روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، شەوی رابردوو لە شەقامی سالم بەهۆی دەمەقاڵێی نێوان شۆفێرێکی تاکسی و دوو کەسی ماتۆڕسوار شەڕ دروست دەبێت و تەقە لە یەکتری دەکەن و دوای هەڵاتنیان دەستگیردەکرێن.

لە روونکردنەوەیەکی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی کە وێنەیەکی بۆ (راچڵەکین) نێردراوە تێیدا هاتووە، کاتژمێر ١١:٤٠ ی شەوی ٢٠٢٢/٩/١٥ لە شەقامی سالم بەهۆی دەمەقاڵێی نێوان شۆفێرێکی تاکسی و دوو کەسی ماتۆڕسوار شەڕ دروست دەبێت و لە شەڕەکەدا بە چەکی ( دەمانچە) تەقە لە یەکتری دەکەن و دواتر هەڵدێن، بەمەش دەبنە هۆکاری پشێوی و نائارامی بۆ هاووڵاتییان".

ئاسایش دەشڵێت:"دوای ڕووداوەکە دەستبەجێ هێزەکانمان گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە و دەستیان بە لێکۆڵینەوە کرد و توانیان هەردوو تەقەکەرەکە بەناوەکانی (ئەحمەد محمد مصطفى ) و ( شاباز محمد مصطفى ) دەستگیر بکەین و دەست بەسەر ئەو چەکەدا بگیرێت کە تەقەیان پێکردووە".

لە روونکردنەوەکەدا هاتووە، دوای دەستگیرکردنیان دەرکەوتووە ئەم دوو کەسە لەناو شاری سلێمانیدا پێشینەی کێشە و نانەوەی پشێویان هەیە، هەردوو تۆمەتبار لە ئێستادا لەسەر فەرمانی دادوەر ڕاگیراون.

ئاسایش داوا لە هاووڵاتییان دەکات و دەڵێت:" هەرکەس سکاڵای لەسەر ئەم دوو تۆمەتبارە هەیە سەردانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی بکات بەمەبەستی ڕێکاری یاسایی زیاتر بەرامبەریان".

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن