هۆکارەکانی سەرنەکەوتنی کرداری موتوربەکردن

کشتوکاڵ

26/03/2020     ژمارەی بینراو 2700

کرداری موتوربەکردن

ڕاچڵه‌كین-
سەرکەوتن و دەرکەوتنی ئەنجامی کرداری موتوربە یاخود پەیوەندکردن لەسەر کۆمەڵێک هۆکار دەوەستێت، هەندێک کرداری موتوربە کە ئەنجام دەدرێت زۆر بەباشی ئەنجامی دەبێت و وە هەندێکی تر ئەنجامی نابێت و کردارەکە سەرکەوتوو نابێت.

لێرەدا چەند هۆکارێک باس دەکەم کە دەبنە هۆی سەرنەکەوتنی کرداری موتوربەکردن، پێویستە لە کاتی ئەنجامدانی کردارەکەدا ڕەچاو بکرێن:

هۆکاری یەکەم:
نەگونجان لە نێوان هەریەکە لە خۆراکە و بنچینە:

بۆ مەبەستی ئەنجامدانی کرداری موتوربەکردن لە نێوان دوو جۆر ڕووەک یان درەخت دا، پێویستە ئەو دوو ڕووەکە لە یەک خێزان بن، ڕووەکەکان پۆلێن کراون بۆ خێزان، لە ژێر هەر خێزانێک دا سەدەها یاخود هەزارەها ڕووەک هەن، کە ڕووەکەکانی یەک خێزان لە زۆربەی تایبەتمەندێتییە گشتییەکاندا لەیەک دەچن.

چونکە ئەگەر لەیەک خێزان نەبن ئەوا جیاوازی هەیە لەنێوان خێرایی گەشەیان و جۆر و شێوازی گەشەیان وە ئەم جیاوازییەش دەبێتە هۆی بێ ئەنجام بوونی کرداری موتوربەکردنەکە.

نموونە (درەختە بەردارە ناوک ڕەقەکان لەسەر یەکتر موتوربە دەکرێن وەک هەڵوژە و قەیسی و گێلاس ، هەروەها مزرەمەنییەکان وەک پرتەقاڵ و نارنج و لیمۆ و جۆرەکانی تریان لەسەر یەکتر موتوربە دەکرێن ، .... بەو جۆرە).

هۆکاری دووەم:
جۆری ڕووەک:

هەندێک ڕووەک هەیە ئەنجامدانی کرداری موتوربەکردن لەسەریان کارێکی گرانە ، و پێویستی بە چاودێریکردنی تایبەت و شارەزایی تایبەت هەیە، هەروەها پێویستی بە گرتنە بەری هەندێک ڕێکاری تایبەتی هەیە پێش ئەنجامدانی موتوربەکردنەکە لەوانە (بەکارهێنانی ئۆکسینات بۆ خۆراکەکان یان قەڵەمەکان)، ئەمەش بە مەبەستی باشترکردنی ڕێژەی سەرکەوتنی کرداری پەیوەندکردنەکە لە گرنگترین ئەو درەخت یان ڕووەکانەش (بستە یاخود فستق ، کاکی).

هۆکاری سێهەم:
نەبوونی بارودۆخی گونجاو بۆ ئەنجامدانی کرداری موتوربەکردن:

یەکێک لەگرنگترین هۆکارەکانی سەرنەکەوتنی کرداری موتوربەکردن بریتییە لە نەبوونی بارودۆخ و ژینگەی گونجاو بۆ کردارەکە یاخود ئەنجام نەدانی کردارەکە لە کات و ساتی گونجاودا و دواخستنی کردارەکە ، ژینگەی گونجاویش مەبەست لە پلەی گەرمی و شێ و هەوایە، پێش و دوای کردارەکە ، باشترین پلەی گەرمیش بۆ ئەنجامدانی کرداری موتوربەکردن کە تیایدا شانەی (کالەس) درووست ببێت لە نێوان شوێنی پێکەوە لکانی خۆراکە و بنچینە بریتییە لە (21 - 24) پلەی سەدی ، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە ئەنجامدانی موتوربەکردن لە زستان و کەشی ساردا ڕێژەی سەرکەوتنی کەمترە، هەروەها پێویستە شێی گونجاو لە دەوری ناوچەی پێکەوە لکانەکە دابین بکرێت هەربۆیە ئامۆژگاری دەکرێت کە دوای ئەنجامدانی کرداری موتوربەکردن بە نایلۆن دابپۆشرێت یاخود نزیک بێت لە ئاستی زەوی یان خاکەکە .
یاخود بە شەمێ یان مێوی تایبەتی موتوربەکردن شوێنی پێکەوە لکانەکەسواخ بدرێت هەتاکو خۆراکەکە تووشی ووشک بوونەوە نەبێت.

هۆکاری چوارەم:
نزمی و ناچالاکی گەشەی بنچینە:

پێویستە ئەو بنچینەیەی کە هەڵی دەبژێرین بۆ کرداری پەیوەندکردنەکە گەشەی باش و تەندرووست بێت ، وە چالاک بێت بۆئەوەی بە ئاسانی توێکڵەکەی لە تەختەکەی یاخود قەدەکەی جیا ببێتەوە، بۆیە ئەگەر وانەبێت کردارەکە سەرکەوتوو نابێت.

هۆکاری پێنجەم:
نەبوونی شارەزایی و لێهاتوویی لە ئەنجامدانی کرداری موتوربەکردن:

بۆ سەرکەوتنی کرداری موتوربەکردن ، پێویستە ئەو کەسەی ئەنجامی دەدات زانیاری لەسەر موتوربەکردن هەبێت و بە باشی خۆراکە ئامادە بکات و جوان پەیوەندی بکات بە بنچینەوە.

هۆکاری شەشەم:
پیسبوون و بە ڤایرۆس و مێروو و کەڕوو:

پێویستە دوای ئەنجامدانی کرداری موتوربەکردنەکە جوان شوێنی پێکەوە لکانی خۆراکە و بنچینە دابپۆشرێت بە تیپی تایبەتی موتوربە کە ڕافیە شی پێ دەوترێت ، هەروەها داپۆشینی برینی خۆراکە و بنچینە بە مێو یاخود شەمێی تایبەتی موتوربە.
هەروەها پێویستە هەمووئەو پێداویستییانەی کە بەکاری دەهێنین بۆ ئەنجامدانی کارەکە پێشتر پاکژ کرابێتنەوە بە گیراوەی فاست یاخود بە کحول یان ئیسانۆڵ.

هۆکاری حەوتەم:
دەردراوی تایبەتی هەندێک ڕووەک :

زۆرێک لە ڕووەک و درەختەکان ماددەی ڕاتینجی و ئاوگی تایبەتی دەردەکەن وەک ئاو یاخود شیر یان هەر گیراوەیەکی تر نموونە شیلە ، لەکاتی بڕینیان ، بۆیە ئەم جۆرە دەردراوانە دەبنە هۆی سەرنەکەوتنی کرداری موتوربە کردن ، هەر بۆیە ئامۆژگاری ئەو کەسانە دەکرێت کە کاری موتوربە دەکەن کە لە کاتی گونجاودا کرداری موتوربە ئەنجامبدەن ، چونکە کاتێک ڕووەک و درەختەکان لە سووڕی متبوون دان ئەو جۆرە دەردراوانە دەرناکەن ، بەڵام کە دەستیان کرد بە چەکەرەکردن ئەوا دەست دەکەن بە دەرکردنی ئەو دەردراوانە نموونە ( لە درەختی مێودا و لە کاتی تەقینی گۆپکەکانی دا ئاو دەردەکات لەم کاتەدا موتوربەکردن سەرکەوتنی کەمە).

هۆکاری هەشتەم:
لابردنی تیپ و نایلۆن و مێوی موتربەکردن:

لابردنی تیپ و نایلۆن پێش ئەوەی دڵنیا نەبین لەوەی کە کرداری موتوربەکە سەرکەوتوو بووە یان نا دەبێتە هۆی سەرنەکەوتنی کردارەکە ، زۆر جار زۆر کەس ئەم کێشەیەیان تووش دەبێت بەوەی زوو تیپ و نایلۆنەکە لێ دەکەنەوە کە لەوانەیە مابێتی خۆراکە و بنچینە یەکبگرن ، بۆیە کردارەکە سەرکەوتوو نابێت.

ئا :دەوەن سەردار- ئەندازیاری کشتوکاڵ

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن