ئۆكراینا باڵیۆزی ئێران لە كیێڤ دەردەكات

جیهان

24/09/2022     ژمارەی بینراو 157

راچڵەكین –

وەك كاردانەوەیەك بەرامبەر دابینكردنی چەك و فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان بە رووسیا، حكومەتی ئۆكراینا متمانەی باڵیۆزی ئێران لە كیێڤ هەڵدەوەشێنێتەوەو بڕیاریشیدا زۆربەی كارمەندانی باڵیۆزخانەی ئەو وڵاتە دەربكات و پەیوەندییە دیپلۆماسییەكانیشی لەگەڵ تاران بۆ كەمترین ئاست دابەزێنێت.

ناسر كەنعانی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لە راگەیەندراوێكدا، نیگەرانیی وڵاتەكەی نیشاندا بەرامبەر بڕیارەكەی ئۆكرایناو رایگەیاند: ئەم بڕیارە لەسەر بنەمای هەواڵە پشتڕاستنەكراوەكانی میدیا بیانییەكان دەركراوە.

كەنعانی، جەختی لەوەشكردەوە كە كۆماری ئیسلامیی، لە جەنگی رووسیا - ئۆكراینادا سیاسەتێكی بێلایەنی هەیە، ئەوەشی وەبیرهێنایەوە كە پێویستە ناكۆكییەكانی نێوان ئەو دوو وڵاتە دوور لە جەنگ و لەڕێی گفتوگۆی سیاسییەوە چارەسەر بكرێن، وتی:" بۆ ئەو مەبەستەش، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئێران، چەندین جار پەیوەندی تەلەفۆنیی لەگەڵ هاوتا رووسی و ئۆكراینییەكەی ئەنجامداوە".

وتەبێژەكەی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، جەختی لەوەكردەوە كە تاران وەڵامێكی پێویستی ئەم هەڵوێستەی ئۆكراینا دەداتەوە، داواشی لە حكومەتی كیێڤ كرد دووربكەوێتەوە لە كەوتنەژێر كاریگەری لایەنی سێیەم، كە هەوڵی تێكدانی پەیوەندییەكانی نێوان ئێران و ئۆكراینا دەدات.

ناسڕ كەنعانی، سەرجەم ئەو هەواڵانەشی بەدرۆخستەوە كە باس لەوە دەكەن ئێران فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی بۆ رووسیا دابینكردووە.

ئەمەش لەكاتێكدایە، سێرگی نیكیڤۆرۆڤ، وتەبێژی سەرۆكایەتی ئۆكراینا، رایگەیاند كە وڵاتەكەی بەڵگەی لەبەردەستدایە هێزەكانی رووسیا چەكی دروستكراوی ئێرانی لە ئۆكراینا بەكارهێناوە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن