هۆشداری دەدرێت بەرامبەر بەكارهێنانی چوار جۆر شروبی منداڵان

تەندروستی

07/10/2022     ژمارەی بینراو 1048

راچڵەكین-

بەڕێوەبەرایەتی كۆنترۆڵی جۆری دەرمان ھۆشداری لەبارەی بەكارھێنانی چوار جۆر شروبی منداڵان دەدات و رایدەگەیەنێت:" بەكارھێنانی ئەو شروبانە دەبنە ھۆی مردن، بەڵام لە ھەرێمی كوردستان بەكارنایەن و رێگەپێنەدراون."

بەڕێوەبەرایەتی كۆنترۆڵی جۆری دەرمان كە سەر بە وەزارەتی تەندروستی ھەرێمە بڵاویكردەوە، دوای ئەوەی رێكخراوی تەندروستی جیھانی ئاگاداری بڵاوكردەوە سەبارەت بە چوار ماددەی كۆمپانیای "مەیدن فارما سیوتیكالس"ی بەرھەمھێنی ھندی، شیكاری تاقیگەیی بۆ ئەو بەرھەمانە كراوە و بۆیان پشتراستبووەوە كە ماددەی ژەھراوییان  تێدایە و گیانلەدەستدانی لێدەكەوێتەوە. 

كاریگەرییەكانیشی بریتین لە ئازاری سك و رشانەوە و سكچوون و سەرئێشە و گۆڕانی باری دەروونی و میزنەكردن و برینداربوونی توندی گورچیلە، كە رەنگە گیانلەدەستدانی لێبكەوێتەوە. 

كۆنترۆڵی جۆری دەرمان راشیگەیاند، ئەو چوار بەرھەمە لە ھەرێمی كوردستان رێگەیان پێنەدراوە و ھاوردەی ھەرێم نەكراون و مۆڵەتی بەكارھێنانیان نییە.

ھاووڵاتیانیش ئاگادار دەكەنەوە لە ئەگەری بە قاچاغھێنانی بۆ ناو بازاڕەكانی ھەرێم، خۆیان لە بەكارھێنانی بەدووربگرن.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن