بەشیر حەداد:بەغدا نییەتی جددی بۆ چارەسەری كێشەكان لەگەڵ هەرێمدا نیشانداوە

چاوپێکەوتن

21/01/2020     ژمارەی بینراو 695

راچڵه‌كین- رێژنه‌ فائق

جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، سەردانی شاندی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا بۆهەردوولا گرنگی خۆی هەبوو لەوكۆبونەوانەشی ئەنجامدران ناتوانین بڵێین بڕیاردرا یان كێشەكان چارەسەر كرا بەڵكو ئەمە هەنگاوی یەكەم بوو بۆ نیاز پاكی هەرێمی كوردستان بەرامبەر بە بەغدا وە بەغداش ئەم پەیامەی قبوڵكرد و ئەویش نیەتی جدی خۆی بۆ چارەسەركردنی كێشەكان نیشاندا.

د.بەشیر حەداد لەچاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ ماڵپەڕی راچڵەكین ئاشكرایدەكات، بەمنزیكانە چەند لیژنەیەكی هاوبەشی پسپۆڕ پێكدێن لەنێوان هەرێم و بەغدا بۆ مەلەفەكان  وەكو دۆسیەی نەوت و دۆسیەی دارایی و  دۆسیەی ئەمنی و ناوچە كێشە لەسەرەكان بۆچارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەردوولا. 

دەقی چاوپێكەوتنەكە:

راچڵەكین: ئامانجی سەردانی شاندەكەی هەرێم بۆ بەغدا چی بوو؟

د.بەشیر حەداد: ئەم هاتنە هاتنێكی گرنگ بوو  وە هەرێم و بەغدا گرنگیان پێدا، ئەو كێشە كەڵەكەبووانەی لەنێوان هەردولادا هەیە،لەمێژە بێ چارەسەرێكی ریشەیی ماوەتەوە ، لەدوای 2003 ەوە ئومێد دەكرا ئەو كێشانە بەشێوەیەكی یاسایی و دەستوری چارەسەر بكرێن بەڵام تائێستا چارەسەر نەبووە و بگرە هەرماوە، كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان وەكو لەبەرنامەی كاریدا هاتووە یەكێك لەئەو خاڵانەی گرنگی پێدەدا  دروستكردنی پەیوەندییەكی بەهێز و توكمەیە لەگەڵ بەغداو، هەوڵدان بۆ چارەسەركردنی كێشەكان وە هەروەها بەغداش  دیسان گرنگی لەسەر بەو پرسە دەدات لەبەر ئەوەی ئەوانیش مەبەستیانە ئەو كێشانە لەچوار چێوەی دەستور ویاسادا چارەسەر بكرێت چونكە بەغداش پێویستی بەهەرێمە و هەرێمیش پێویستی بەبەغدایە بۆگەشەپێدانێكی ئابوری و سیاسی.

راچڵەكین: بەشێوەیەكی گشتی لەو كۆبونەوانەی شاندی هەرێم و بەغدا كەئێوەش بەشداریتان تێداكرد هیچ بڕیاریك درا؟ 

د.بەشیر حەداد:  بەشێوەیەكی گشتی لەم كۆبونەوەنەدا  كەسەردانی سەرۆك كۆمار و سەرۆكی حكومەت و سەرۆكی پەرلەمان كرا، ناتوانین بڵێن بڕیاردرا یان كێشەكان چارەسەر كرا، بەڵكو ئەمە هەنگاوی یەكەم بوو وە دەرخستنی نیاز پاكی هەرێمی كوردستان بوو بەرامبەر بە بەغدا،بەغداش ئەم پەیامەی قبوڵكرد و ئەویش نیەتی جدی خۆی بۆ چارەسەركردنی كێشەكان نیشاندا وە ئومێد دەكرێت بەم زووانە چەند لیژنەیەكی پسپۆڕ پێكبێن بۆ مەلەفەكان  وەكو دۆسیەی نەوت، دارایی، ئەمنی و ناوچە كێشە لەسەرەكان. 

راچڵەكین: لیژنەكان لەهەرێمەوە سەردانی بەغدا دەكەن یاخود بەپێچوانەوە؟

د.بەشیر حەداد، لیژنەی هاوبەش پێكدەهێنرێت هەم لەهەرێم  و لەبەغداش بۆئەوەی دابنیشن وگفتوگۆبكەن و پسپۆڕن لەوبوارانە وەكو نەوت و دارایی و ئەمنی و دەستوری بۆناوچە كێشە لەسەرەكان،ئەم سەردانە ئیرادەیەكی سیاسی ونیەتێكی سیاسی بەدەستهێنا ، ئینجا ئەم نیەتە سیاسیە پێویست دەكات بەشێوەیەكی پسپۆڕی بابەتەكان رێگە چارەی یاسایی  بۆبدۆزرێتەوە پاشان بڕیاری لەسەر بدرێت. 

راچڵەكین: پەرلەمانتاران باس لەوەدەكەن  كەهەرێم رازیبووە نەوت رادەستی بەغدا بكات، ئەوە تاچەند راستە؟ 

د.بەشیر حەداد: پرسەكە تەنیا رازیبون نییە كێشەكە تەنیا نەوت نیە، كێشەی ساڵانێكی دورو درێژە بەغدا بودجەی هەرێمی بڕیوە لە2014 ەوە تا 2018 بودجە نەدراوە، لە2005 ەوە تائێستاشی لەگەڵدا بێت موستەحەقاتی پێشمەرگە و چەك و راهێنان و مووچەی پێشمەرگە نەدراوە هەروەها لەنیزامی سیادی بەشی خۆراك وەكو پێویست نەهاتووە ئەمانە هەموو مەسەلەیەكن پێویستە چارەسەر بكرێت، ئەگەر بەحیساب بێت و بەشێوەیەكی بیركاری بێت لە 2014 ەوە تائێستا دەبوایە عێراق بەلانی كەم 40 ملیار دۆلاری ساڵانەی بدایە بەهەرێمی كوردستان بەڵام نەیداوە، هەرێم چیكردووە  ناچار بووە كە بۆراپەڕاندنی خۆی بۆ پێدانی مووچە ئەو بڕە نەوتەی لای خۆی بووە بیفرۆشێت نەوتەكەشی بەكەمتر، وە ئەو پارەی كەبەغدا پێویست بوو بۆی دابین بكات، دابینی نەكردووە وە كەمتر لەنیوەش ئەو نەوتە پارەكەی دابینكردووە وە ئێستاش بەغدا پێویستە ئەوانەی دیكە بدات بەشێوەی ژمارە، بۆیە پێویستە ئەمانە باس بكرێت و ئایە كێ قەرزادری كێیە ئایا هەرێم قەرزداری بەغدایە یاخود بەغدا قەرزداری هەرێمە پاشان لە2014 و 2015 ەوە شایستە داراییەكانی جوتیاران تائێستا خەرجنەكراوە لەگەڵ ئەو هەموو بەڵینەی لەوی دراوە كەواتە چۆن بەشێك لەپەرلەمانتاران داوا دەكەن هەرێم نەوت رادەستبكات و پاەبەند بێت بەدەستور ویاسای بودجە، ئەوا ئەگەر ئەوان داوای پابەندبون و جێبەجێكردنی دەكەن هەرێمیش داوای مافەكانی خۆی دەكات كە پێی بدرێت. 

راچڵەكین: كەی بانگهێشتی وەزیری دارایی و نەوت دەكرێت بۆ پەرلەمان لەسەر پرسی جێبەجێ نەكردنی بودجە لەلایەن هەرێمەوە؟  

د.بەشیر حەداد: ئەم بابەتە زیاتر بۆ موزایەدەی سیاسی بەكار دەهێنرێت بۆئەوەی بەخەڵكی خۆیان بڵێن سزای وەزیرەكان دەدەین و بەدواداچون بۆقوتی عێراق دەكەن بابچن لەهەموو نەوتەكانی بەسرە و عەممارە  بپێچنەوە كە ئەم داهاتە چی لێدێت بەشە بودجەی ئەم شارانە ناگاتە هاوڵاتیان بۆئەوەی خزمەتگوزاری پێدابین بكرێت، بەڵام بەداخەوە هەندێك دەنگی پەرلەمانتار كە لەسەر كوردیش حیسابن ئەوانیش پشتگیری لەو دەنگانە دەكەن بۆئەوەی كە ئەو موزایەدە سیاسیانە بكرێت. لەبەر ئەوە هیچ وەزیرێك لاری نییە بێت بۆ پەرلەمان بەتایبەتی لەوبواری نەوت گفتوگۆ كراوە، بوار بدرێت ئەو گفتوگۆیانە بەشێوەیەكی رێك بەرێوەچیت لەنێوان هەرێم و بەغدا باشترە لەوەی  بە بانگكردنی وەزیر و ئەم وتوێژانە بكرێت.

راچڵەكین:   بۆ بودجەی ساڵی 2020 ئایە هیچ گرفتێك بۆ هەرێم و مووچە خۆران دروست دەبێت؟

د.بەشیر حەداد، تائێستا باس وخواس لەوبارە نەكراوە، بەدڵنیاییەوە تائەوكات بەرێككەوتنە یان ئەم گفتوگۆیەی نێوان هەرێم و بەغدا دەگات بەشتێك بۆئەوەی رێككەوتنێكی درێژمەودا بكرێت، ئەو رێككەوتنەی لەنێوان هەرێم و بەغدادیش ئەنجامدەدرێت، بودجەی 2020 ی پێ رێكدەخرێت و پشكی هەرێم  زیاد دەكرێت. 

راچڵەكین: تاوەكو كۆتایی ئەمساڵ گرفت بۆ بودجەی هەرێم دروست دەبێت؟ 

د.بەشیر حەداد: ئەوە یاسایە و دەرچوە  تاكۆتایی ساڵ بێ هیچ كێشەیەك تا 31/ 12 جێبەجێ دەكرێت  بەڵام پاش ئەو وادەیە پێویستی بەرێككەوتنی نوێ هەیە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن