نەتەوەیەكگرتووەكان كۆنفرانسی لوتكە بۆ پاراستنی كەشوهەوا ئەنجام دەدات

ڕاپۆرت

05/11/2022     ژمارەی بینراو 271

راچڵەكین –

بڕیارە سبەی بە بەشداری زیاتر لە 40 هەزار كەس و ئامادەبوونی زیاتر لە 100 سەركردەی وڵاتان و داڕێژەری سیاسەت لە نزیكەی 190 وڵات، 27 هەمین كۆنفرانسی لایەنەكانی رێككەوتننامەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ گۆڕانی كەشوهەوا، بەڕێوەبچێت.

كۆنفرانسەكە سبەی یەكشەممە، لەشاری شەرم شێخ لە وڵاتی میسر دەست بە كارەكانی دەكات و بڕیارە تا رۆژی 18ی ئەم مانگە بەردەوام بێت، تێیدا دانوستانەكان بۆ بەهێزكردنی پلانەكانی دژ بە قەیرانی كەشوهەوا و جێبەجێكردنی ئەم پلانانە بە گرتنەبەری هەنگاوی كۆنكرێتی، تاوتوێ دەكرێت.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی بڵاوكراونەتەوە، لەپاڵ سەرۆك و بەرپرسانی سیاسیی وڵاتانی جیهان، ژمارەیەكی زۆر رێكخراوە ژینگەپارێزەكان لە هەموو لایەكی جیهانەوە بەشدار دەبن.

بڕیارە لە رۆژانی حەوت و هەشتی مانگدا لووتكەی سەرۆكە بەشداربووەكان بەڕێوەبچێت و دواتر هەموو رۆژێك دانیشتنێكی تایبەت لەسەر بابەتە جیاوازەكانی، دارایی، زانست، گەنجان و نەوەی ئایندە، كۆتاییهێنان بە بەرهەمهێنانی كاربۆن، خۆگونجاندن و كشتوكاڵ، پرسی رەگەز، ئاو، كۆمەڵی مەدەنی، وزە، جۆراوجۆری بایۆلۆجی و چارەسەرەكان، رێكبخرێت.

لە ئێستادا پلەی گەرمای گۆی زەوی بەراورد بە قۆناغی پێش سەردەمی پیشەسازیی، 1.1 پلە بەرزبووەتەوە، ئامانج وایە تا كۆتایی ئەم سەدەیە رێژەكەی لە 1.5 پلە سنووردار بكرێت، بۆ ئەم مەبەستەش پێویستە ئەو بەیانانە بەهێز بكرێن كە وڵاتانی جیهان خستوویانەتەڕوو و ئەمەش یەكێكە لە مژارە سەرەكییەكانی لوتكەكە.

هەروەها، دابینكردنی سندووقێك بۆ میكانیزمی زەرەر و زیانەكان، یەكێك لە گرنگترین ئەو بابەتانە دەبێت كە لە لووتكەكەدا گفتوگۆی لەسەر دەكرێت، ئەم سندووقە وەك قەرەبووییەك بۆ وڵاتانی تازە پێگەیشتوو تەرخان دەكرێت كە بەهۆی قەیرانی كەشوهەواوە زیانیان بەركەوتووە، زۆرترین پارەی سندوقەكەش لەلایەن وڵاتانی رۆژئاواوە دابین دەكرێت.

پێویستە رێژەی گازە ژەهراوییەكان كەم بكرێتەوە

گرنگترین ئامانجی كەمكردنەوەی كاریگەرییەكانی قەیرانی كەشوهەوا و سنوورداركردنی گەرمبوونی زەوی، بەخێرایی كەمكردنەووەی گازە ژەهراوییەكانە.

كۆتا راپۆرتەكانی نەتەوەیەكگرتووەكان، ئاماژە بەوەدەكەن كە پێویستە تا ساڵی 2030 رێژەی گازە ژەهراوییەكان بۆ لە سەدا 50 كەم بكرێتەوە. بەڵام وێڕای ئەمەش مەترسی ئەوە هەیە كە تا ئەو رێكەوتە، رێژەی گازە زەهراوییەكان بە رێژەی 10.6% زیاد بكات و ئەمەش دەبێتە هۆی 2.5 پلە بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی زەوی.

زۆرێك لە وڵاتانی جیهان، ئامانجیانە تا ساڵی 2050 بەیەكجاریی كۆتایی بە بوونی گازە زەهراوییەكان بهێنن و بۆ ئەو مەبەستەش بەدەستهێنانی ئامانجەكانی ساڵی 2030 زۆر گرنگە. گەیشتن ئەم ئامانجانەش پێویستی بەوەیە تا ساڵی 2030 بەكارهێنانی سووتەمەنییە بەبەردبووەكان بە ئاستێكی بەرچاو كەم بكرێنەوە و وەبەرهێنانی نوێ لە بواری سوتەمەنییە بەبەردبووەكاندا، ئەنجام نەدرێت.

بە بڕوای زانایان، ئەگەر رێگریی لە بەرزبوونەوەی پلەی گەرمای زەوی نەكرێت ئەوا بەهۆی زیادبوونی كارەساتە سرووشتییەكانەوە نزیكەی نیوەی دانیشتووانی جیهان رووبەڕووی مەترسی كارەستبار دەبنەوە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن