كاریگەرییەكانی دابەزینی نرخی نەوت و كۆرۆنا لەسەر كەرتی ئابووری

چاوپێکەوتن

28/03/2020     ژمارەی بینراو 890

راچڵەكین-AA

بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ (COVID-١٩) لە جیھاندا، كاریگەری گەورەی كردووەتە سەر ژێرخانی ئابووری وڵاتان، تەنانەت لە ھەندێك وڵاتدا جموجۆڵی بازرگانیش سست بووە، ئەو وڵاتانەیشی كە پشتیان بە یەك سەرچاوەی ئابووری بەستووە زیاتر كەوتوونەتە ژێر كاریگەری خراپی ئابووری.

لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە، هاوكات دوای ئەوەی 8 ی ئەم مانگە نەوت نزیكەی سەدا ٢٧ بەھاكەی لە دەستدا، كە لە ماوەی 10 ساڵی رابردووە وەك خراپترین ھەفتە ناوی برا كاریگەریی زیاتری كردووەتە سەر كەرتی ئابووری لە جیهاندا.

 پڕۆفیسۆرێكی دارایی گشتیش ئاماژە بەوە دەكات كە ئەم دابەزینە پەیوەندی بە ململانێی نێوان هەردوو وڵاتی سعوودیە و رووسیا هەبوو، جەختیش لەوە دەكاتەوە كە هەبوونی ڤایرۆسی كۆرۆنا رۆڵی هەبوو لە سستكردنی كەرتی ئابووری جیهان.

پڕۆفیسۆری یاریدەدەر، دكتۆر سەباح سابیر خۆشناو، دەڵێت:" نەوت وەكو كاڵایەك، سێ رەھەندی سەرەكی ھەیە كە بریتین لە؛ رەهەندەكانی ئابووری، سیاسیی و ستراتیجی، ھەر بۆیەش ئەم كاڵایە زۆرجار بۆ مەبەستی سیاسیی بەكاردێت، ئەو ململانێیەی لەنێوان سعوودیە و رووسیادا ھەبوو مێژووەكەی دەگەڕێتەوە بۆ چوار ساڵ لەمەوبەر كە گفتوگۆ و رێككەوتن ھەبوو بۆ ئەوەی بتوانن بازاڕی جیھان بەشێوەیەك رێكبخەنەوە و خستەڕووەكەی بەشێوەیەك بێت كە نرخ بەرز بكەنەوە، ئەوەبوو نرخی نەوت تا ٧٠ دۆلار بەرزبووەوە، بەڵام ئەوەی جێی نیگەرانی بوو كە ئەو رێككەوتنە شكستی ھێنا، بۆیەش سعوودیە بۆ دژایەتیكردنی رووسیا، نرخی نەوتی خستەڕوو بە ٣٣ دۆلار، كە ئەمەش بەیەكجاری ئنیھیاری بە نرخ كرد."

د. سەباح،بەراوردكاریی هێزی خستنەڕووی نەوتی رۆژانەی هەردوو وڵاتی سعوودیە و رووسیا‌ دەخاتەڕوو و ئاماژە بەوەش دەكات سعوودیە دەیەوێت رووسیا لە چوارچێوەی خۆی بهێڵێتەوە و لەمبارەیەوە وتی: "رووسیا رۆژانە ١١ ملیۆن و ٣٠٠ ھەزار بەرمیل دەخاتەڕوو، بەڵام سعوودیە ١٠ ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار بەرمیل دەخاتەڕوو، ئەمەش كاریگەری نەرێنی دروستكرد لە لایەك و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناش رۆڵی ھەبوو لەم بوارەدا، لەگەڵ ئەوەشدا بەشێكیان پەیوەندی بەوە ھەیە كە رووسیا لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست دەستێكی درێژی ھەیە و رۆڵی هەیە بەتایبەتی لە سووریادا، دەتوانین بڵێین سعوودیە یەكێك لە ئامرازەكانی ئەمریكایە لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست، دەیەوێت وا بكات كە رووسیا لە قالبی خۆی بھێڵێتەوە، دەبێت ئەوەمان لەبیر نەچێت تێچووی دەرھێنانی یەك بەرمیل نەوت لە رووسیا ١٧ دۆلارە بەڵام لە سعوودیە ١٠ دۆلارە، ئەمەش وا دەكات رووسیا كەمتر بەرگە بگرێت''.  

''ھۆكارێكی دیكە ھەیە ئەویش سعوودیە یەك بەرمیل نەوتی لە بوودجەی ساڵی ٢٠٢٠ بە ٥٥ دۆلار خەمڵاندووە، بەڵام رووسیا بە ٤٢ دۆلار و ٤٠ سەنتی خەمڵاندووە، رووسیا بەپێی پلانەكەی بڕی دە ملیار دۆلار زیادەی دەبێت لە بوودجەدا، بەڵام سعوودیە نزیكەی ٥٠ ملیار دۆلار كورتھێنانی دەبێت''.

پڕۆفیسۆری یاریدەدەر، د. سەباح سابیر خۆشناولەبارەی كاریگەرییە نەرێنییەكانی ئابووری جیهان لەسەر عێراق بە گشتی و هەرێمی كوردستانیش بەتایبەتی وتی: ''عێراق لە بوودجەی ساڵی ٢٠٢٠ یەك بەرمیل نەوتی بە ٥٦ دۆلار خەمڵاندووە، ئەمەش گاپێكی گەورە دروست دەكات، چونكە عێراق ئێستا سێ ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار بەرمیل ھەناردە دەكات و لە پلانی ستراتیجیدا بوو كە بیگەیەنێتە چوار ملیۆن بەرمیل لە رۆژێكدا، بەڵام نەیتوانی، بۆیە ئەگەر لەگەڵ ھەرێمی كوردستان رێككەوتنێك بكات لەسەر ٢٥٠ ھەزار بەرمیلەكە ئەوا رەنگە بتوانێت قەرەبووی خۆی بكاتەوە''.

پڕۆفیسۆری یاریدەدەر، دكتۆر سەباح سابیر

پڕۆفیسۆری یاریدەدەر، دكتۆر سەباح سابیر خۆشناو ئاماژە بەوەش دەكات كە عێراق بڕێكی زۆری یەدەگی هەیە و ئەمەش وا دەكات زیاتر پشتی بەهێز بێت و لەمبارەیەوە وتی: "ئەوەی زیاتر پشتی عێراقی گرتووە ئەوەیە، ئەو بڕە یەدەگەی كە ھەیەتی نزیكەی ٦٠ ملیار دۆلاری لە بانكی مەركەزی ھەیە، بەڵام ئەو یەدەگە ناكرێت تەنها بۆ مووچە بەكاربھێندرێت، چونكە ئەو یەدەگانە لەلایەن سیاسەتی نەختینەیی دادەڕێژرێت و بانكی ناوەندی دامەزراوەیەكی سەربەخۆیە، بۆیە ئامانجی ستراتیجی ئەوەیە كە نرخەكان جێگیر بكات بەتایبەتی دینار بەرامبەر بە دۆلار، هەروەها بەپێی دوایین لێدوانی پارێزگاری بانكی ناوەندی عێراق، عەلی عەلاق دەڵێت ئێمە مووچەی نۆ مانگمان ئامادەیە، واتا ساڵی ٢٠٢٠ كێشەی مووچەمان نابێت، بەڵام ئەگەر ساڵی ٢٠٢١ نرخی نەوت ھەروا بەردەوام بێت ئەوا بە دڵنیایییەوە رەنگە كێشەیەكی گەورە بۆ عێراق دروست بكات، بەڵام زۆربەی شارەزایان پێشبینی ئەوە دەكەن نرخی نەوت لە مانگی ئاب بەدواوە بەرەو بەرزبوونەوە بچێت، بەھۆی نەمانی 'ڤایرۆسی كۆرۆنا' و كاڵبوونەوەی ململانێی نێوان سعوودیە و رووسیا، بۆیە سەرۆكی ئەمریكا، دۆناڵد ترەمپ ھاتووەتە سەر ھێڵ لەگەڵ سعوودیە و پێشبینی دەكەین نرخی نەوت تا مانگی ئاب بۆ ٥٠ دۆلار بەرزبێتەوە''.

دكتۆر سەباح سابیر خۆشناو لەبارەی ئەوەی كە ئەگەر نرخی نەوت بەرزنەبووەوە و هەر بەمشێوەیە ئێستا مایەوە وتی: ''ئەگەر نرخی نەوت ھەروا بێت ئەوا ساڵی داھاتوو عێراق تووشی داڕمان دێت و دەبێت چاكسازییەكی ریشەیی بكات لە بابەتی مووچەخۆراندا، فرە جۆریشی بكات بۆ ئەوەی كەرتی كشتوكاڵ و پیشەسازی پەرە پێ بدات، ئێستا زیاتر لەسەدا ٩٠ی داھاتی عێراق پشتی بە نەوت بەستووە و ئەمەش ئاڵنگارییەكی زۆری دەوێت، چونكە ڤایرۆسی كۆرۆنا كاریگەرییەكی نەرێنی دروستكرد لەسەر پیشەسازی، بۆ نموونە وڵاتی چین سەدا ٢٠ی كۆی پیشەسازی جیھان پێكدێنێت و سەدا ٥٠ی تووش پووكانەوەی كرد، ھەر بۆ زانیاری، وڵاتی چین رۆژانە ١٣ ملیۆن بەرمیل نەوت بۆ پیشەسازییەكانی خۆی بەكاردەهێنێت، دەتوانین بڵێین چین حەوت تا ھەشت ملیۆن بەرمیل خواستی كەم بووەوە لە جیھاندا، ئەمەش كاریگەری لەسەر كەمبوونەوەی خواست ھەبوو، بەڵام ئێستا پیشەسازی چین بەرەو كرانەوە دەچێتەوە و بەمەش رەنگە نرخی نەوت بەرزبێتەوە''.

پڕۆفیسۆری یاریدەدەر، دكتۆر سەباح سابیر خۆشناو گوتیشی: ''بە دڵنیایییەوە كاریگەری لەسەر كەرتی ئابووری ھەیە و جومگە سەرەكییەكانی ژیان راوەستاوە، رۆژ بە رۆژ قورستر دەبێت ئێستا گەورەترین ئاڵنگاری لەبەردەم مرۆڤدا بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنایە چونكە كاریگەری لەسەر بەرھەمھێنان دروستكردووە، بۆیە رەنگە لە كۆتایی ئەمساڵ ئابووری بەرەو باشتر بچێت''.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن