كارمەندانی تویتەر دەستلەكاركێشانەوەی بەكۆمەڵ پێشكەش دەكەن

هەمەڕەنگ

پێش 3 هەفتە     ژمارەی بینراو 199

راچڵەكین –

وەك كاردانەوەیەك بەرامبەر بڕیارێكی ئیلۆن مەسك، خاوەنی نوێی تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر، زۆربەی كارمەندانی كۆمپانیاكە دەستلەكاركێشانەوەی بەكۆمەڵ پێشكەش دەكەن.

ئیلۆن مەسك، خاوەنی نوێی تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر، لەڕێی پۆستێكی ئەلیكترۆنییەوە داوای لە كارمەندانی كۆمپانیاكە كرد كە ئامادەبن بۆ زیادكردنی كاتژمێرەكانی كاركردن، یان دەستلەكاربكێشنەوە، لە دوای ئەم داوایەش ژمارەیەكی زۆر لە كارمەندانی تویتەر دەستیان لەكاركێشایەوە.

ماڵپەڕی "The Verge" هەواڵی ئەوەی بڵاوكردووەتەوە كە دوای ئەوەی مەسك لە رێگەی "Slack" كە پڕۆگرامێكی ناوخۆیی تایبەت بە پەیوەندییكردنی كارمەندانی كۆمپانیای تویتەرە، داوای زیادكردنی كاتژمێرەكانی كاركردنی كردووە، ژمارەیەكی زۆر لە كارمەندان دەستلەكاركێشانەوەی خۆیان راگەیاندووە.

یەكێك لە كارمەندانی كۆمپانیاكە، لەو بارەیەوە بابەتێكی بڵاوكردووە و نووسیویەتی:"لە دوای 12 ساڵ كاركردن، تویتەرم بەجێهێشت".

كارمەندێكی دیكەی كۆمپانیاكەش وەك ئاماژەیەك بۆ دەستلەكاركێشانەوەی لە دوای ئەوەی مەسك بووەتە خاوەنی كۆمپانیاكە، نووسیویەتی: "كاركردنم لەگەڵ تویتەر یەك كۆتاییهات و نامەوێت لەگەڵ تویتەر دوو كار بكەم".

بەكارهێنەرێكی تویتەریش نووسیوویەتی: "وا دیارە ئەوانەی كە دەیانەویست تویتەر بكەنە تۆڕێكی باشتر، هەموو دەستلەكاردەكێشنەوە، ئەو كارمەندانەی ماونەتەوە هەرچەند زیاتر كار بكەن، زۆر سەختە بتوانن تویتەر رزگار بكەن".

لە لایەكی دیكەشەوە بەگوێرەی هەواڵێكی رۆژنامەی نیویۆرك تایمز، ئیلۆن مەسك لەگەڵ بەشێك لە كارمەندانی تویتەر كۆبووەتەوەو هەوڵیداوە رێگریی بكات لە دەستلەكاركێشانەوەی ئەو كارمەندانەی رۆڵی گرنگیان لە كۆمپانیاكەدا هەیە.

هەر بەگوێرەی هەواڵی رۆژنامەی نیویۆرك تایمز، بەهۆی ئەو لێشاوی دەستلەكاركێشانەوەیەی كارمەندانی تویتەر دەستیان پێكردووە، بە شێوەیەكی كاتی نووسینگەكانی تویتەر داخراون.

ئەم كاردانەوەیەی كارمەندانی تویتەر دوای ئەوە هات كە ئیلۆن مەسك نزیكەی نیوەی كارمەندانی كۆمپانیاكەی لەكار لابردبوو و داوای لەو كارمەندانەش كردبوو كە ماونەتەوە، چەند كاتژمێرێك زیاتر كار بكەن، یان لە ماوەی 36 كاتژمێردا دەست لەكاربكێشنەوە.

ئیلۆن مەسك رۆژی چوارشەممە ئەم داوایەی لە كارمەدانی تویتەر كرد كە ژمارەیان دوو هەزار و 900 كارمەند بوو.

لە كاتێكدا دوو هەفتە بەر لەئێستا، ژمارەی كارمەندانی تویتەر، حەوت هەزار و 500 كارمەند بوو، بەڵام نزیكەی نیوەیان لەلایەن ئیلۆن مەسك-ەوە لەكار لابران، بڕیاریشە هەر یەكێك لەو كارمەندانە لانی كەم مووچەی سێ مانگیان وەك قەرەبوو، پێبدرێت.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندۆرید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن