وەزارەتی خوێندنی باڵا كاركردنی بە سیستمی غازی شل لەسەرجەم دامەزراوەكانی رادەگرێت

کوردستان

پێش 2 هەفتە     ژمارەی بینراو 53

راچڵەكین-

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاریدا بەڕاگرتنی سیستمی غازی شل لەسەرجەم دامەزراوەكانیدا.

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لەنووسراوێكدا كە لەلایەن دەزگای سەرپەرشتی و دڵنیایی جۆری دەرچوە، بەسێ خاڵ وردەكاری بڕیارەكەی ڕوونكردۆتەوە، وەك لە خاڵی یەكەمدا هاتوە پێویستە دامەزراوەكان دەستبەجێ كاركردن بەسیستمی غازی شل ڕابگرن، لە خاڵی دوەمدا جەخت لەسەر ئەوە كراوەتەوە كە پێویستە بەزوترین كات و زۆر بەوردی بەدواداچون بۆ هەمو ئەو سیستمانە بكرێ، كە بەمەبەستی ئامادەكردن یان گەرمكردنەوەی خواردن بەكاردێن و لە سەلامەتی دڵنیا ببنەوە، بۆ ئەو مەبەستە پێویستە لە ماوەی (٣) سێ ڕۆژدا ڕاپۆرتێكی تێروتەسەل لە ڕێگەی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی و سەلامەتی زانكۆ و پەیمانگەكان و بەهەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی ئامادە بكەن.
 
لە خاڵێكی دیكەی نوسراوەكەدا هاتوە، دەبێت هەمو ئەو سیستمانەی بەمەبەستی ئامادەكردن و گەرمكردنەوەی خواردن لەسەر هەمو زانكۆ و پەیمانگە و دامەزراوەكانی سەر بەوەزارەت و لە بەشە ناوخۆییەكان بەكار دێن، پێویستە ڕێگەپێدانی بەرگری شارستانیان هەبێت و مۆڵەتی دانانی هەبێت و لە لایەن كۆمپانیاكان.
 
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی تەئیكدی لەسەر ئەوە كردۆتەوە، كە لە حاڵەتی كەمتەرخەمی و جێبەجێنەكردنی ئەو خاڵانەی سەرەوە لایەنی كەمتەرخەم ڕوبەڕوی یاسا دەبێتەوە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندۆرید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن