حكومەتی هەرێم بڕیار لەسەر دەستكاریكردنی موچەی فەرمانبەران دەدات

ڕاپۆرت

29/03/2020     ژمارەی بینراو 4662

راچڵەكین-

لە كۆبوونەوەی دوێنێ شەممە، 28ی ئاداری ئەنجومەنی وەزیران، دوای ئەوەی لەلایەن وەزارەتی دارایی و ئابووری و وەزارەتی سامانە سروشتییەكان كۆی داهات و خەرجییەكانی حكومەت لە ئێستادا خرانەڕوو، هەموو هێزەكانی بەشدار لە كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان كۆك بوون لەسەر ئەوەی، كە بەهۆی سەرهەڵدانی هەردوو قەیرانی ڤایرۆسی كۆرۆنا و كەمبوونەوەی نرخی نەوت، حكومەت لەو مانگەوە زیاتر 60% داهاتەكانی ( نەوتی هەرێم و ناوخۆ ) لە دەستداوە و كێشەیەكی گەورەی رووبەرووی ئابووری هەرێم بۆتەوە، بەمەش لەم مانگەوە پێدانی موچەی مانگانەی فەرمانبەران كێشەی تێدەكەوێت و بەشێوازێكی دیكە دابەشدەكرێت.

لەو كۆبوونەوەدا دوای ئەوەی لەلایەن وەزارەتی دارایی و ئابووری و وەزارەتی سامانە سروشتییەكان كۆی داهات و خەرجییەكانی حكومەت خرانەڕوو، دەركەوت لە مانگی داهاتوەوە حكومەتی هەرێمی كوردستان ناتوانێت وەكو مانگەكانی رابردوو، موچە لەكاتی خۆی و بە هەمان بڕ بەسەر فەرمانبەران دابەشبكات، هەربۆیەش بڕیاریاندا میكانیزمی نوێ لەوبارەیەوە بدۆزرێتەوە كە لەگەڵ داهاتەكانی ئەم قۆناغەی حكومەت بگونجێت.

یەكێك لە پێشنیازەكان ئەوەبووە، شاندێكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەسەرۆكایەتی جێگری سەرۆكی حكومەت سەردانی لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان بكات، بەمەبەستی روونكردنەوەی دۆخی دارایی و ئابووری هەرێمی كوردستان و وەرگرتنی پشتگیری ئەو هێزانە، لە حاڵەتێكدا ئەگەر دەستكاری موچەی فەرمانبەران كرا.

بۆ سەردانی لایەنەكان نوێنەرانی لایەنەكان لەسەر ئەو هەنگاوە تەحەفوزیان هەبووە، زۆربەیان لەم كاتەدا نایانەوێ ئەو كارە بكەن و ئۆباڵی ئەو دۆخە بخەنە ئەستۆی خۆیان، چونكە ترسیان هەیە بكەونە ژێر رەخنەی خەڵك و پەرلەمانتاران و لایەنەكان، بۆیە لە ئەگەری پێكهێنانی ئەو لیژنە، ئەگەری زۆرە بەشێك لەو وەزیرەكان ئامادەیان نەبێت بچنە ناو ئەو لیژنەیەی كە بۆ سەردانی لایەنەكان پێكدەهێنرێت.

یەكێكی دیكە لە پێشنیازەكانی كۆبوونەوەكە ئەوەبوە، لە رێگەی پڕۆژە یاسایەكەوە لە پەرلەمانی كوردستان دەستكاری موچەی فەرمانبەران و خانەنشینان بكرێت، بەهۆی ئەو بارودۆخەی هاتۆتە پێش، لەسەر ئەو پێشنیازەش حكومەت ترسی هەیە پەرلەمان پشتگیری ئەو یاسا نەكات، یاخود بیكەنە موزایەدە.

یەكێك لە پێشنیازەكانی دیكە ئەوەبوو هیچ هەنگاوێك نەگیرێتە بەر بە ناوی پاشەكەوت، یاخود دەستكاریكردنی موچه بە بڕینی دەرماڵە، یاخود هەر میكانیزمێكی دیكە، بەڵكو هەركاتێك حكومەت پارەی بەردەستی هەبوو موچە دابەشبكات؛ واتە 50 ڕۆژ بۆ دوو مانگ جارێك موچە دابەشبكرێت.

یەكێك لە پێشنیازەكانی دیكە كە لە كۆبوونەوەكەدا گفتووگۆی لەسەر كراوە، پێدانی تەنها موچەی بنەڕەتی بووە بە فەرمانبەران، تاوەكو دۆخی دارایی باشتر دەبێتەوە، یاخود یاسایی چاكسازی دەچێتە بواری جێبەجێكردن و سەرجەم دەرماڵە ناجێگیرەكان دەبڕدرێت.

هەر لەو كۆبوونەوەدا چەند پێشنیازێكی دیكە كراوە لەوانە بڕینی بەشێك لە موچەی ئەو كەسانەی كە موچەی بنەڕەتیان بەرزە، بەجۆرێك هیچ فەرمانبەرێك موچەكەی لە 3 ملیۆن دینار زیاتر نەبێت بە پلە باڵا و تایبەتەكانیشەوە.

دابەشكردنی موچەی خانەنشیانی مەدەنی و سەربازی بۆ ماوەی دوو مانگ یەكێك لە پێشنیازەكان بووە و هەروەها لەم دەستكاریكردنەی موچەدا سەرجەم توێژەكان دەگرێتە بە مەدەنی و سەربازیەوە.

بەپێی زانیارییەكان هەر لەو كۆبوونەوەی دوێنیدا، چەندان پێشنیاز لە لایەن تیمی ئەنجومەنی وەزیران و حكومەت پێشكەشكراوە، بەڵام لە كۆبوونەوەكانی داهاتووی ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری كۆتای لەو بارەیەوە دەدرێت.

بەپێی زانیارییەكان سەرجەمی ئەو پێشنیازانەی لە كۆبوونەوەی دوێنێدا پێشكەشكراون نەبۆتە بڕیار، بەڵام پێنەدانی موچەی فەرمانبەران لەكاتی خۆی، یاخود دەستكاریكردن بە كەمكردنەوەی بڕی موچه، بۆتە شتێكی حەتمی لەو مانگەوە دەچێتە بواری جێبەجێكردن.

س/ كوردستان تایمز

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن