سوودانی بڕیارێكی نوێ بۆ كۆنترۆڵكردنی نرخی دۆلار دەدات

عێراق

22/01/2023     ژمارەی بینراو 1484

راچڵەكین -

سەرۆكوەزیرانی عیراق، لەچوارچێوەی رێوشوێنەكان بۆ كۆنترۆڵكردنی نرخی دۆلارو رێگریكردن لە بەقاچاخبردنی بۆ دەرەوەی وڵات، چەند بڕیارێكی نوێی دەركرد، كە گرنگترینیان پێدانی دۆلارە بە بازرگانە بچووكەكان لەڕێگەی بانگی بازرگانی.

ئەمڕۆ یەكشەممە، محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عیراق، لەگەڵ یەكێتی ژوورە بارزگانییەكانی عیراق كۆبووەوە.

بەگوێرەی راگەیەندراوێكی نووسینگەی رۆژنامەوانیی سەرۆكوەزیران، لە كۆبوونەوەكەدا، كە پارێزگاری بانكی ناوەندی و بەڕێوەبەرە گشتییەكانی دەروازە سنوورییەكان و گومرگ ئامادەیبوون، باس لە هۆكارەكانی ناجێگیربوونی نرخی دراوە بیانییەكان و كاریگەریی لەسەر بازاڕو هاووڵاتیان و چارەسەركردنی دۆخەكە كرا.

لە كۆبوونەوەكەدا چەند بڕیارێكی نوێ دران بەئامانجی سەقامگیركردنی نرخی دۆلار، لەوانەش كردنەوەی پەنجەرەیەك لە بانكی بازرگانیی عیراق بۆ پێدانی دۆلار بە بازرگانە بچووكەكان بە نرخی فەرمی، هەروەها باربووكردنی بانكەكە لەلایەن بانكی ناوەندییەوە بەبڕی 500 ملیۆن دۆلار بەمەبەستی كردنەوەی هەژماری بانكی بۆ بازرگانە بچووكەكان.

سەرۆكوەزیرانی عیراق راشیگەیاند كە چاوخشاندنەوە بە كارەكانی دەستەی گشتی باج دەكرێت، بەجۆرێك كە كاروبارەكانی بەگوێرەی پێوەرەكانی دەستەی دەستپاكی و یاساییەوە ئەنجام دەدرێت.
 
سوودانی جەختی لەوەشكردەوە دەزگاكانی حكومەت شێلگێرانە كار بۆ چاكسازی ئابووری و چارەسەركردنی ئەو كێشانە دەكەن كە بەهۆی بڕیارە هەڵەكانی رابردوو دروستبوون.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن