توركیا؛ دادگای دەستوری بڕیار لەچارەنووسی هەدەپە دەدات

کوردستان

25/01/2023     ژمارەی بینراو 137

راچڵەكین-

دادگای دەستووریی توركیا، سبەینێ پێنجشەممە، پێشنیازی "دواخستنی دۆسیەی داخستنی هەدەپە بۆ دوای هەڵبژاردنەكان" تاوتوێ دەكات و لەوبارەیەوە بڕیار دەدات.

لەو دۆسیەیەدا كە تایبەتە بە داواكردنی داخستنی هەدەپە، ئەوە خراوەتەڕوو كە هاوسەرۆكی پارتەكە، میدحەت سانجار داوایەكی پێشكەش بە دادگای دەستووریی كردووە و تیایدا داوای كردووە دۆسیەكە بۆ دوای هەڵبژاردنەكانی ٢٠٢٣، دوابخرێت.

كارمەندانی دادگای دەستوورییش بەردەوامن لە كارەكانیان بۆ بەڕاپۆرتكردنی داواكارییەكە و دوای كۆتایی هاتنی راپۆرتەكە، سبەی پێنجشەممە، ئەندامانی دادگای دەستووریی پێشنیازی دواخستنی دۆسییەكە تاوتوێ دەكەن.

لە قۆناغی یاسایی دۆسیەی داخستنی هەدەپەدا و لەسەر داواكاری دادگای باڵا، دادگای باڵای تێهەڵچوونەوە و سەرۆكایەتی داواكاری گشتیی كۆماریی لە 5ی كانوونی دووەمدا بڕیاری دا ئەو هەژمارانەی هەدەپە كە تایبەتن بەو هاوكارییانەی حكوومەت پێشكەشی هەدەپەیان دەكات، بلۆك بكرێن و ماوەی یەك مانگیش درا بە پارتەكە تا لەم بارەیەوە داكۆكی لەخۆی بكات.

دوای وەڵامی هەدەپە، دووبارە دەستەی گشتیی دادگای دەستووریی، هەڵسەنگاندن بۆ بڕیاری بلۆككردنی هاوكارییەكانی حكوومەت بۆ ئەو پارتە دەكاتەوە. لە دوای وەڵامی دەستەكەش بڕیار لەسەر جێبەجێكردن یاخود هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری بلۆككردنی هەژمارەكان دەدرێت.

بڕیاریشە راپۆرتنووسی تایبەتی دادگای دەستووریی، دوای داكۆكی زارەكی بەرپرسانی هەدەپە لەو رۆژەدا كە بۆیان دیاریی كراوە، زانیاری و بەڵگەكانی تایبەت بە دۆسیەكە كۆبكاتەوە و راپۆرتێكیان لێ ئامادە بكات.

دوای دابەشكردنی راپۆرتەكەش بەسەر ئەندامانی دادگای باڵادا، سەرۆكی دادگا رۆژێك بۆ كۆبوونەوە دیاریی دەكات، لەو رۆژەدا ئەندامانی دادگای باڵا كۆدەبنەوە و دەست دەكەن بە ئەنجامدانی دانیشتنی بنچینەیی لەسەر دۆسیەی داواكاری داخستنی هەدەپە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن