سامانە سروشتییەكان: نەوتەكەی بەغدا بێ بەرامبەر بەسەر هاووڵاتیان دابەشدەكرێت

کوردستان

25/01/2023     ژمارەی بینراو 270

راچڵەكین –

وەزارەتی سامانە سروشتییەكان رایدەگەیەنێت، حكومەتی فیدراڵی كاروانێكی دیكەی نەوتی سپی ماڵان بۆ هەرێمی كوردستان دەنێرێت و بێ بەرامبەر بەسەر هاووڵاتیاندا دابەشدەكرێت.

وەزارەتەكە لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردووەتەوە، حكومەتی عیراق لەسەرەتای هەفتەی داهاتوو، كاروانێكی 60 تەنكەر بەبڕی دوو ملیۆن لیتر نەوتی سپی، دەنێرێتە هەرێمی كوردستان، بۆئەوەی بەسەر هاووڵاتیاندا دابەشبكرێت.

سەبارەت بە چۆنیەتی دابەشكردنی نەوتەكەی بەغدا، وەزارەتی سامانە سروشتییەكان ئاشكرایكردووە، بڕە نەوتەكە بە هەماهەنگی لەگەڵ پارێزگاكان و ئیدارە سەربەخۆكاندا بێ بەرامبەر دابەش دەكرێت، بەشێویەك كە 30 تەنكەری بۆ پارێزگای هەولێرو دهۆك و هەردوو ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و زاخۆ دەبێت، 30 تەنكەری دیكەش بۆ پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و راپەرین دەبێت.

وەزارەتەكە ئاماژە بەوەشكردووە كە چاوەڕوان دەكرێت دوای هاتنی ئەو بڕە نەوتە، راستەوخۆ نرخی بەهای نەوتی سپی لەبازاڕەكانی كوردستاندا روو لە دابەزین بكات و پرۆسەی دابەشكردنی نەوتی سپی خێراتر بكات.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن