رووسیا نوێترین چەكی وێرانكەر لە ئۆكراینا تاقیدەكاتەوە

جیهان

28/01/2023     ژمارەی بینراو 209

راچڵەكین -

وەزارەتی بەرگریی رووسیا بڕیاریدا نوێترین جۆری چەكی پێشكەوتوو لە شەڕی دژ بە ئۆكراینا تاقیبكاتەوە، كە زۆر لەو چەكانەی ئێستا وێرانكەرترن، ئەمەش وەك كاردانەوەیەك بەرامبەر رادەستكردنی تانكی لیۆپاردو ئەبرامز لەلایەن ئەمریكاو ئەڵمانیاوە بە سوپای ئۆكراینا.

میدیاكانی رووسیا بڵاویانكردەوە، حكومەتی مۆسكۆ رەزامەندی داوە لەسەر بەكارهێنانی چەند جۆرێك چەكی نوێی پێشكەوتوو لە ئۆكراینا، كە بە چەكی وێرانكەر ناودەبرێن و توانای یەكلاییكردنەوەی شەڕەكانیان هەیە.

ئەو چەكە نوێیانە، كە لەلایەن گروپی "گورگەكانی قەیسەڕ" دروستدەكرێن، تائێستا لەهیچ شەڕێكدا تاقینەكراونەتەوە، بەڵام بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دزەیان پێكراوە، زۆر لەو چەكانە پێشكەوتووترو وێرانكەرترن كە ئێستا لە شەڕی ئۆكراینا لە خزمەتی سەربازیدان.

بەوتەی بەرپرسێكی گروپی "گورگەكانی قەیسەڕ"، كە لەچەندین گەورە راوێژكاری سەربازیی و دروستكەری چەك و كەرەستەی سەربازیی رووسیا پێكدێن، ئەو چەكە نوێیانەی بڕیارە بخرێنە خزمەت سوپای رووسیا لە شەڕی دژ بە ئۆكراینا، توانای یەكلاییكردنەوەی قورسترین شەڕیان هەیە، بەوپێیەی چەكی زۆر پێشكەوتوون و رادەی وێرانكارییەكانیان بێ وێنەیە.

بەگوێرەی نوێترین ئەو زانیارییانەی لە میدیاكانی رووسیاوە بڵاوكراونەتەوە، دەیان جۆری نوێی مووشەكی پێشكەوتوو ئامادەن بۆ ئەوەی لە شەڕی ئۆكراینا تاقیبكرێنەوە، كە توانای لەناوبردنی بەهێزترین تانك و زرێپۆشییان هەیەو مەودای وێرانكارییەكانیان لە مووشەكەكانی ئێستا زیاترە كە سوپای رووسیا بەكاریاندەهێنێت.

ئەمەش لەكاتێكدایە پێشبینی دەكرێت لەوەرزی بەهاری ئەمساڵ، شەڕی نێوان رووسیاو ئۆكراینا بچێتە قۆناغێكی نوێ و هێرش و بۆردومانەكان زیاتر ببن. 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن