راوێژكارێكی سوودانی زانیاری نوێ لەبارەی نرخی دۆلار ئاشكرا دەكات

ئابوری

03/02/2023     ژمارەی بینراو 1781

راچڵەكین –

حكومەتی عیراق لە گرتنبەری رێوشوێنەكانی تایبەت بە دابەزیاندنی نرخی دۆلارن بەردەوامەو راوێژكارێكی سەرۆكوەزیرانیش رایدەگەیەنێت، نرخی دۆلار و ئابووری وڵات لەلایەن دەوڵەتەوە دیاریدەكرێت نەك دەڵاڵی دوكانەكان.

هیشام روكابی، راوێژكاری راگەیاندنی سەرۆكوەزیرانی عیراق، لە لێدوانێكدا نوێترین ئەو رێوشوێنانەی ئاشكراكرد كە حكومەت دەستی پێكردووە بەئامانجی دابەزاندنی نرخی دۆلار لەبامبەر دینارو رایگەیاند: شەڕی حكومەت دژی بازرگانانی دراوی قورس و ئەوانەی یاری بە نرخی دۆلار دەكەن، بە پشتیوانی ناوخۆیی و دەرەكی بەمزووانە یەكلایی دەبێتەوە.

ئاماژەی بەوەشكرد، پرۆسەی كۆنتڕۆڵكردنی مامەڵە بازرگانییەكانی دراو بەپێی ستانداردە نێودەوڵەتییەكان، بەردەوام دەبێت و كاروباری بانكەكانیش رێكدەخرێنەوەو چیتر رێگە نادرێت دۆلار بە قاچاخ ببرێتە دەرەوە.

لێدوانەكەی هیشام روكابی، هاوكاتە لەگەڵا ئەو رێوشوێنە توندانەی كە حكومەتی عیراق دەستی پێكردووە بۆ رێگەگرتن لە بەرزبوونەوەی زیاتری نرخی دۆلار، لەو چوارچێوەیەشدا دوێنێ هەینی، محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عیراق لە كۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ فەرماندە باڵاكانی هێزە ئەمنییەكان، چەند رێنماییەكی توندی دەركرد بەمەبەستی چارەسەركردنی كێشەی بەقاچاخبردنی دۆلارو رێگریكردن لە بەرزبوونەوەی نرخەكەی لە بەرامبەر دیناری عیراقی.

لە كۆبوونەوەكەدا سوودانی بڕیاریدا هەموو ئەو كەسانە دەستگیربكرێن كە دۆلار بە قاچاخ رەوانەی دەرەوەی وڵات دەكەن و یاری بە نرخەكەیەوە دەكەن، فەرماندەی هێزە ئەمنییەكانیشی راسپارد رێكارەكانی پشكنین و بەدواداچوون لە بازگەكانی رێگا سەرەكییەكانی نێوان پارێزگاكان، توندتر بكەن و هەر بڕە دۆلارێكیشیان بەدیكرد، دەستی بەسەردا بگرن.

سەرۆكوەزیرانی عیراق راشیگەیاند، كاروبارەكانی سەرجەم بانك و نوسینگەكانی ئاڵوگۆڕی دراو رێكدەخرێتەوەو جموجۆڵی دۆلاریش دەخرێتە ژێر كۆنترۆڵ بۆئەوەی چیتر هەڵەكانی رابردوو دووبارە نەبنەوە، كە ببوونە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن