بۆچی دەبێ لە کۆرۆنا بترسین؟

تەندروستی

01/04/2020     ژمارەی بینراو 325

کۆرۆنا

ڕاچڵه‌كین-

زۆرترین ئەو پرسیارەی دەکرێت، ئایا بۆچی دەبێ لە کۆرۆنا بترسین؟ ئاخۆ ئەم ڤایرۆسە ئەوەندە ترسناکە بگاتە رادەیەك کە خەلك لە ماڵ بمێنێتەوەو تێکەڵ بە یەکتر  نەبن ؟ ھەندێك جاریش دەگوترێ زۆر دەردو نەخۆشی تر ھەیە کە ئامارەکانی مردن بەھۆیانەوە زۆر زیاترە لە کۆرۆنا بەڵام ترس لە کۆرۆنا گەورەتر کراوە، له‌م بابه‌ته‌دا دكتۆر سەرباز مولود پزیشكی دەرمانساز وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌ ده‌داته‌وه‌.

تا ئێرە خەڵك مافی خۆیەتی ئەم پرسیارانە بکات، لەراستیدا ئەگەر سەیری ئامارەکانی رێکخراوی تەندروستی جیھانی (WHO) بکەین، دەبینین ژمارەی مردوان بە ھەندێ ھۆکارو نەخۆشی تر زۆر زیاترە لە ژمارەی مردوان بە کۆرۆنا بەشێوەیەك کە مرۆڤ توشی سەرسورمان دەکات، ئەگەر ئاماری نەخۆشیەکانی ( دڵ، شێرپەنجە، شەکرە) لەجیھاندا بە نمونە وەرگرین دەبینین :-

1- مردن بەھۆی نەخۆشیەکانی دڵ 17,000,000 حەفدە ملیۆن کەسە لە ساڵێکدا ، بەنزیکەی 47,000 کەس لە رۆژێك . 
2- مردن بەھۆی نەخۆشی شێرپەنجە 9,000,000 نۆ ملێۆن کەسە لەساڵێکدا ، بەنزیکەی 25,000 کەس لە رۆژێك .
3- مردن بەھۆی نەخۆشی شەکرە 1,600,000 ملێۆنێك و شەش سەد ھەزار کەسە  لە ساڵێکدا، بەنزیکەی 4,500 کەس لە رۆژێكدا .

کەچی مردن بەھۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا کە لە کۆتایی مانگی 12ی ساڵی 2019 سەریھەڵدا تا ئەمرۆ نزیکەی 40,000 چل ھەزار کەسە لە جیھاندا، ئەگەر تا کۆتایی ئەم ساڵ ژمارەکە پێنچ ھێندەش زیاد بکات ئەوکات دەبێ بە 200,000 دوو سەد ھەزار کەس لەساڵێکدا، لێرەدا روون بۆتەوە کە ژمارەی ئەو کەسانەی بەھۆی کۆرۆناوە مردوون زۆر کەمترە لە ژمارەی ئەو کەسانەی بەھەندێ نەخۆشی تر دەمرن، بـەڵام ئایا لەخۆت پرسیوە ئەگەر رێکارە توندەکانی وەك قەدەغە کردنی ھاتووچۆ لە ئاسمان و زەوی و دەریا و کەرەنتینەکردنی شارەکان و پەیڕەو کردنی رێنمایە تەندروستیەکان نەبووایە ئەوکات ژمارەکە چۆن دەبوو ؟ ئایا بیرت لەوە کردۆتەوە بەبێ ئەم ڕێکارە خۆپارێزیانە کارەساتەکە دەگەیشت بە چ ئاستێك ؟


لە مانگی 1 ی سالی 1918 ئەنفلۆنزایەك لە ئیسپانیانیا دەرکەوت کەدواتر بە ئەنفلۆنزی ئیسپانی ناسرا، بەھۆی کەمتەرخەمی لە رێکارە خۆپارێزیەکان لەماوەیەکی کەمدا بەھەموو جیھاندا بلاوبۆوە تا مانگی 12ی 1920 نزیکەی 50 ملێۆن کەسی لە جیھاندا کوشت، بۆیە ترسی ئەمرۆی جیھان لە کۆرۆنا بەتەواوی لە جێی خۆیەتی، چونکە نەخۆشیەکانی دڵ و شەکرە و شێرپەنجە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر ناگوازرێنەوە، بەمەش لەشارێکەوە بۆ شارێکی تر لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی تر بلاونابێتەوە، بەڵام نەخۆشیە ڤایرۆسیەکان جیاوازن ئەوان بەئاسانی لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر دەگوازرێتەوە بەمەش دەتوانێ زۆر بەخێرای بەھەموو جیھاندا بلاوبێتەوە .

(کـۆرۆنا)ش کە تازەترین ڤایرۆسی دەرکەوتووە لە ھەسارەکەماندا، بووە بە ھەرەشەیەکی گەورە لەسەر مرۆڤایەتی، لەکاتێکدا ھیچ ڤاکسینێك تەنانەت زانیاری وردو تەواو لەسەر تواناکانی ئەم ڤایرۆسە بەردەست نیە، بەجۆرێك لە دواترین لێکۆلینەوە لە چین ئاشکرا بووە کەزیاتر لە 4%ی ئەوانەی دوای ئەوەی بەتەواوی لە کۆرۆنا رزگاریان بووە پشکنینان بۆ کراوەتەوە، دەرکەوتووە دووبارە ھەڵگری ڤایرۆسەکەن بەڵام بەبێ ھیچ نیشانەیەك ئەمەش یارمەتیدەر دەبێ بۆ مانەوەی ڤایرۆسەکەو درێژەدان بە سوڕی ژیانی خۆی، جگە لەوەش دەرکەوتووە ئەم ڤایرۆسە دەتوانێ لە ھەوا بگوازرێتەوە کە یارمەتی دەدات بەشێوەیەکی زۆر خێراتر بڵاوبێتەوە، ترسی ئەوەش ھەیە ڤایرۆسەکە گۆرانکاری تری بەسەر دابێ و کۆپیەکی زۆر لەوەی ئێستا ترسناکتر دروست بکات بەتایبەت ئەگەر بگۆرێت بۆ ڤایرۆسێکی وەرزی وەك ئەنفلۆنزا کە بتوانێ ھەموو ساڵێك لە وەرزی زستاندا دەربکەوێتەوە .

لە کۆتایشدا ئەگەر کۆرۆنا بوو بە نەخۆشیەکی وەرزی و بەبێ دۆزینەوەی ڤاکسینێك دژ بەم ڤایرۆسە، ئەوا ھەر یەكیك لە ئێمە توش بونێك بە ڤایرۆسی کۆرۆنا قەرزارە تاوەکو لەشمان بەرگری دژ بەم ڤایرۆسە دروست بکات، بەلام لەگەل ئەوەشدا ھەمیشە خۆپاراستن باشترە چونکە لەوانیە زانست زوو یان درەنگ ڤاکسینێك وەك دیاری بە مرۆڤایەتی ببەخشێ و کۆتایی بە چیرۆکی كـۆرۆنا بھێنێ و رۆژێ بێ وەك ڤایرۆسی ئەنفلۆنزای ئیسپانی ببێت بە بەشێك لە رابردوو .

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن