فرۆشتنی کۆمەڵێک خواردن لە فرۆشگای خوێندنگەکان قەدەغە دەکرێن

کوردستان

18/02/2023     ژمارەی بینراو 387

فۆتۆ: ئەرشیف

راچڵەکین –

قائیمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند لیژنەی دایەنگا و دامەزراوە پەروەردەییەکان بەدواداچون بۆ کێشەکانی فرۆشگای خوێندنگەکان و گرفتی ناوەندە پەروەردەییەکان دەکات

ئەمڕۆ شەممە، قائیمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند لیژنەیەکی تایبەتی سەر بە لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی چاودێری لایەنی تەندروستی فرۆشگا و سەرچاوەی ئاوی دایەنگەو دامەزراوە پەروەردەییە حکومی و ناحکومییەکان دەکات و بەدواداچوون بۆ سکاڵای خوێندکاران و مامۆستایان و کەسوکاری خوێندکاران دەکات.

لەو بارەیەشەوە خۆگر خالید، سەرۆکی لیژنەی دایەنگا و دامەزراوە پەروەردەییەکان لە لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند: لیژنەکەمان پێکدێت لە نوێنەرانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی، تەندروستی، ئاسایش، کاروباری کۆمەڵایەتی، قائیمقامیەتی سلێمانی و بەردەوام سەردانی دامەزراوە پەروەردەییەکان لە قوتابخانە ـ باخچەکانی منداڵان ـ دایەنگەکان- پەیمانگا حکومی و ناحکومییەکان دەکەن.

روونیشیکردەوە کە بەدواداچوون بۆ هەرگرفتێکی پەروەردەیی و هەرسکاڵایەک سەبارەت قوتابخانەکان و فرۆشگاکان و ئاگرکوژێنەوە و سەرچاوەی ئاوی خواردنەوە دەکەن و رێکاری یاسایی لەگەڵ لایەنی کەمتەرخەم دەگرنەبەر و لەپێناو تەندروستی خوێندکاراندا چاوپۆشی لە کەمتەرخەمی هیچ خاوەن فرۆشگا یان ئیدارەی خوێندنگەیەک ناکەن.

خۆگر خالید وتیشی: بە لیستێک ناوو جۆری ئەو خواردەمەنییانەمان بڵاوکردووەتەوە کە دەبێت لە خوێندنگاکاندا بفرۆشرێن، بەدەر لەوە هەر شتێکیتر رێگەپێدراو نییە.

سەرۆکی لیژنەی دایەنگا و دامەزراوە پەروەردەییەکان داوای لە خوێندکاران و کەسوکاری خوێندکاران و مامۆستایان و ئیدارەی ناوەندە پەروەردەییەکان کرد بۆ هەر سکاڵاو تێبینیەک دەتوانن پەیوەندی بکەن بە ژمارە موبایلی 07708677777 بکەن و بەدواداچونی بۆدەکرێت.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن