ژمارەی تیرۆریستانی داعش لەعیراق ئاشكرا دەكرێت

عێراق

پێش 2 هەفتە     ژمارەی بینراو 241

راچڵەكین -

سوپای عیراق ئاشكرایدەكات لەئێستادا ژمارەی تیرۆریستانی داعش لەناوخۆی عیراق لە 400 كەس تێپەڕ ناكات، فەرماندەیەكی سەربازییش رایدەگەیەنێت، لەدوو مانگی رابردوودا دەیان چەكداری ئەو گروپە تیرۆریستییە كوژراون.

فەریق روكن قەیس خەڵەف محەمەداوی، جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەكانی عیراق، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانییدا رایگەیاند، بەهۆی ئەو گورزە سەربازییانەی لەچەند مانگی رابردوودا لە تیرۆریستانی داعش وەشێندراون، ژمارەی چەكدارەكانیان لەعیراقدا زۆر كەمیكردووە.

وتیشی:" لەئێستادا، ژمارەی تیرۆریستانی داعش لە عێراق لە 400 چەكدار تێپەڕ ناكات و لە میانی ئۆپەراسیۆن و كردەوە سەربازییەكانی دوو مانگی رابردوو لەدژی پاشماوەكانی داعش، 45 چەكداری ئەو گروپە لەچەند ناوچەیەكی عیراق كوژران".

جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەكانی عیراق، ئاشكرایكرد، ئەو ژمارە چەكدارەی داعش كە ماونەتەوە، لە ناوچەكانی نارین، عیس، حەزەر، زنجیرە چیاكانی حەمرین و مەكحول خۆیان حەشارداوە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندۆرید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن