پارێزگاری هەولێر لەبارەی گرانكردنی نرخ هۆشداری دەدات

کوردستان

16/03/2023     ژمارەی بینراو 183

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر

راچڵەكین -

پارێزگاری هەولێر هۆشداری بە فرۆشیاران دەدات و رایدەگەیەنێت: نابێت ڕێگە بە هیچ كەس بدرێت نەورۆز و مانگی رەمەزان بقۆزێتەوەو نرخی خۆراك و كەلوپەل و پێداویستی لەسەر هاووڵاتییان گران بكات.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە دیوانی پارێزگاری هەولێر، بە سەرپەرشتی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێرو ئامادەبوونی ژمارەیەك لە بەرپرسانی ئیداریی شارەكە، كۆبوونەوەیەكی تایبەت بۆ ڕێگەگرتن لە گرانی نرخ و پێداویستی هاووڵاتییان و كۆنتڕۆڵكردنی بازاڕ ئەنجامدرا.

بەگوێرەی راگەیەندراوێكی پارێزگای هەولێر، لە كۆبوونەوەكەدا، گفتوگۆ لە بارەی ڕەوشی بازاڕ و نرخ و جۆرەكانی خۆراك و پێداویستییەكانی هاووڵاتییان بەشێوەیەكی گشتیی كرا، پارێزگاری هەولێر، بەبۆنەی هاتنی نەورۆز و مانگی رەمەزان، جەختی لە چاودێریكردنی چڕ و ووردی بازاڕ و نرخی كەلوپەل و پێداویستییەكانی هاووڵاتییان كردەوەو بۆ ئەو مەبەستەش لیژنەی قائیمقامیەتی هەولێری راسپارد رێوشوێنی توند لەدژی هەموو ئەو كەسانە بگیرێتەبەر، كە نرخی خۆراك و پێداویستییەكان لەسەر هاووڵاتییان زیاد دەكەن.

ئومێد خۆشناو داوای لە لیژنەكەی قائیمقامیەت كرد، رێگە بە هیچ كەس نەدەن بەهەر بڕ و بیانوێك بێت، نەورۆز و مانگی پیرۆزی رەمەزان بقۆزێتەوە و یاری بەبازاڕ بكەن و نرخی خۆراك و كەلوپەل و پێداویستی لەسەر هاووڵاتییان گران بكەن.

لەبارەی كرانەوەی خواردنگەو چێشتخانەكانیش لە مانگی رەمەزاندا، پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوەدا كە بە ڕێزگرتن لەو مانگە پیرۆزەو ڕۆژووانان، چێشتخانەكان ئازادن و خۆیان ئەو بڕیارە لەسەر خۆیان جێبەجێ دەكەن، تەنها بەشێوەیەك ڕێز لەو مانگە پیرۆزە بگرن.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن