کەشناسی عیراق: ئەم ناوچانەی کوردستان لەسەر هێڵی بوومەلەرزەن

کوردستان

18/03/2023     ژمارەی بینراو 760

راچڵەکین –
دەستەی کەشناسی و چاودێری بوومەلەرزەی عیراق رایدەگەیەنێت، چەند ناوچەیەکی کوردستان لەسەر هێڵی بوومەلەرزەن و رەتیشیدەکاتەوە هیچ ئاماژەیەك بۆ وشکەساڵی لەئارادابێت.

ئەمڕۆ شەممە، عامر جابری بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەستەی کەشناسی عیراق لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی عیراقییە رەتیکردەوە هیچ ئاماژەیەك هەبێت لەسەر وشکبوونی هاوینی ئەمساڵ و رایگەیاند: ساڵی 2021 بە هۆی بێ بارانییەوە ئاماژەی روون هەبوون بۆ وشکەساڵی، بەڵام لە کۆتایی 2022 و سەرەتای 2023وە بڕێکی باش باران باریوە و تەنانەت باران پێش وەرزی خۆشی دەستیپێکرد.

ئەوەشی خستەڕوو کە لە چەند رۆژی رابردوودا بڕێکی زۆر باران لە ناوچەکانی باکوور باریوە و پێشبینیش دەکرێت لەم مانگەدا بارانبارین بەردەوام بێت.

سەبارەت بە بوومەلەرزەش جابری رایگەیاند: هەندێك ناوچەی وەك سلێمانی، مەندەلی، خانەقین و بەدرە لەسەر هێڵی بوومەلەرزەن، بەڵام بوومەلەرزەی لاواز تییاندا روو دەدات و زیانی گیانی و ماددییان نابێت.

هاوکات هەموو ئەو دەنگۆیانەشی رەتکردەوە کە بە ناوی پێشبینیکردنی بوومەلەرزەوە بڵاودەکرێنەوە و وتی: "پێشبینی روودانی بوومەلەرزە ناکرێت".

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن