ترەمپ لەسەر بڕیاری دەستبەسەركردنی دێتەدەنگ

جیهان

18/03/2023     ژمارەی بینراو 178

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی پێشووی ئەمریكا

راچڵەكین -

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی پێشووی ئەمریكا، پێشبینی دەكات رۆژی سێشەممەی داهاتوو لەلایەن داواكاری گشتیی ناوچەی مانهاتن دەستبەسەربكرێت، داواش لە لایەنگرانی دەكات خۆپیشاندانی ناڕەزایی ئەنجام بدەن.

ترەمپ لە هەژماری خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی (تروس) بڵاویكردەوە، بەپێی ئەو زانیارییانەی لە نووسینگەی داواكاری گشتیی ناوچەی مانهاتنەوە دزەیان پێكراوە، بەنیازن رۆژی سێشەممە دەستبەسەرم بكەن.

سەرۆكی پێشووی ئەمریكا، هێرشێكی توندی كردووەتە سەر نووسینگەی داواكاری گشتیی ناوچەی مانهاتن و بەوە تۆمەتباری كردووە كە سەرۆكەكەی لەلایەن جۆرج سۆرۆس-ەوە پارەدار دەكرێت و لە هەوڵدان ژمارەی پێوانەیی نوێ بۆ تاوانەكانیان زیاد بكەن.

ترەمپ ئاماژەی بەوەشكردووە كە ئەو نوسینگەیە بێ ئەوەی بتوانێت هیچ تاوانێك لەدژم بسەلمێنێت، تەنها لەڕێگەی چیرۆكە كۆنەكانەكەوە كە لەلایەن ژمارەیەكی زۆر داواكاری گشتییەوە پووچەڵكراونەتەوە، دەیانەوێ كاندیدی كۆماریخوازەكان بۆ سەرۆكایەتی ئەمریكا دەستبەسەر بكەن.

سەرۆكی پێشووی ئەمریكا، كە بڕیاریداوە جارێكی دیكە لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیدا خۆی كاندید بكاتەوە، داوای لە لایەنگرەكانی كردووە ناڕەزایەتی دەرببڕن و ئەمریكا وەربگرنەوە.

پەیامەكەی سەرۆكی پێشووی ئەمریكا لەكاتێكدایە، دوێنێ هەینی، دادگای ناوچەی مانهاتن، پارێزەری تایبەتی ترەمپی بانگهێشت كرد بۆ ئەوەی لێدوانی لێوەربگرێت سەبارەت بەو بەڵگەنامە نهێنییانە كە لە كۆشكەكەی ترەمپ لە مارا لاگۆ، دەستی بەسەردا گیرابوو.

هاوكات باس لەوە دەكرێت داواكارانی گشتی نیویۆرك نزیكن لەوەی سكاڵایەكی یاسایی لەسەر سەرۆكی پێشووی ئەمریكا تۆماربكەن سەبارەت بەو 130 هەزار دۆلارەی بە ستۆرمی دانیێڵز، ئەستێرەی پۆڕن-ی ئەمریكی دراوە.

دانیێڵز بانگەشەی ئەوە دەكات ترەمپ بەر لەوەی بچێتە كێبڕكێی سەرۆكایەتی ئەمریكاوە، پەیوەندیی لەگەڵیدا هەبووە و بەر لە هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی ساڵی لە 2016دا، بڕی 130 هەزار دۆلاری وەرگرتووە بۆ ئەوەی بێدەنگ ببێت.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن