وەزارەتی دارایی، گەندەڵییەکی گەورە لە هەرێمی کوردستان ئاشکرا دەکات

کوردستان

19/03/2023     ژمارەی بینراو 601

راچڵەکین -
وەزارەتی دارایی رایگەیاند: دۆسیەی چوار هەزار و ١٨٩ فەرمانبەر و خانەنشین ڕەوانەی دیوانی چاودێری دارایی دەکات کە بەشێوەی نایاسایی دوو مووچەیان هەبووە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، بەپێی بڕیاری کۆتایی لیژنەی وردبینی و لێکۆڵینەوەی تایبەت بەلیستی فەرمانبەران و خانەنشینان کە ژمارەیان ١٠ هەزار و ٨١٩ مووچەخۆر بوو، لە سیستەمی بایۆمەتری دووجار یان زیاتر تۆمارکراون.

روونیشیکردەوە کە دوای تەواوکردنی ڕێکارەکانی یەکلایی کردنەوەی ناوی ئەو مووچەخۆرانەی کە دوو مووچەیان هەیە لەلایەن لیژنەی تایبەتمەند، لە کۆی ١٠ هەزار و٨١٩ دۆسیەی دوو مووچەیی، دەرکەوت کە چوار هەزار و ١٨٩ دۆسیەیان بەنایاسایی دوو مووچەیان هەبووە بەپێی ئەم ڕیزبەندیە.

١-١٩٧٣ کەس بەنایاسایی دوو مووچەی خانەنشینیان وەرگرتووە.
٢-١٨٤٩ کەس بەنایاسایی دوو مووچەی فەرمانبەری و خانەشینیان وەرگرتووە.
٣-٣٦٧ کەس بەنایاسایی دوو مووچەی فەرمانبەریان وەرگرتووە.

وەزارەتی دارایی و ئابووری ئەوەشی خستەڕوو کە دۆسیەی سەرجەم ئەو مووچە خۆرە نایاساییانە بە داتاو زانیاری تەواو ئاڕاستەی دیوانی چاودێری دارایی هەرێمی کوردستان دەکات تا لە ڕێگای دەستەکانیانەوە ووردبینی لە ڕێکارەکانی بڕین و گێڕانەوەی ئەو بڕە مووچانە بکەن کەلە دوای ( ٢٠٢٠/٧/١ ) بەدواوە بە نایاسایی وەرگیراوە.

جەختیشیکردەوە کە دەبێت بەزوترین کات مووچە نایاساییەکان لەو مووچەخۆرانە وەربگیرێتەوەو بگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی گشتی.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن