راچڵەکین –
شارەزایەکی خۆراك دەڵێت، لە بازاڕەکانی کوردستاندا میوەیەك بە ناوی مۆزەوە دەفرۆشرێت،
بەڵام لە راستیدا مۆز نییە، هەرچەندە بەها خۆراکییەکەشی بەرزە.
لەو بارەیەوە لەشکر حەمید، شارەزای خۆراك رایگەیاند: مۆز میوەیەکە بە ڤیتامین
و کانزاکان دەوڵەمەندە، بەهای خۆراکیشی بەرزە و درێژییەکەی 15 سانتیمەترە.
بەڵام دەڵێت: لە بازاڕەکانی کوردستاندا میوەیەکی دیکە بە مۆز دەفرۆشرێت، کە
لە راستیدا مۆز نییە و ناوی پلانتاینە.
هەروەك لەشکر حەمید روونیدەکاتەوە، جیاوازی پلانتاین لەگەڵ مۆز ئەوەیە،
رەقترە و تامێکی تفتی هەیە، درێژییەکەشی زیاترە و دەگاتە 30 سانتیمەتر.
راشیدەگەیەنێت: هەرچەندە پلانتاینیش بەهای خۆراکیی بەرزە، بەڵام وەك مۆز
نییە و لە هەندێك وڵاتیشدا سوور دەکرێتەوە، پاشان دەخورێت.
لەشکر حەمید هۆکاری فرۆشتنی ئەو میوەیە بە مۆز دەگەڕێنێتەوە بۆ جیاوازی
نرخەکانیان و دەڵێت، نرخی پلانتاین هەرزانترە بۆیە بە مۆز دەفرۆشرێت.