هۆكاری سڕبوونی ده‌ست و په‌نجه‌ و چۆنیه‌تی چاره‌سه‌ر

تەندروستی

04/04/2020     ژمارەی بینراو 7393

کارپاڵ تونیل

ڕاچڵه‌كین-

کارپاڵ تونیل بریتیه‌ لە تونێلێک لەبەشی پێشەوەی دەست دا کە پێک ھاتووە لە ئیسقان و بەستەری ھەندێ ماسولکە و دەمار ێک بە ناوی (median nerve)، ئەم دەمارە بەرپرسە لە ھەستەوەری و جووڵەی پەنجە گەورەو سێ پەنجەی یەکەمی دەست، ھەر کاتێک ئەم دەمارە فشاری بچێتە سەر بەھەر ھۆیەک بێت دەبێتە ھۆی سڕی و لاوازی و ئازار و ھەستی دەرزی ئاژەنین لە دەست دا ، له‌م بابه‌ته‌دا دكتۆره‌ هه‌ڤین پزیشكی پسپۆڕی به‌نج و ئازار شكاندن ڕونكردنه‌وه‌ی‌ له‌سه‌ر ده‌دات.

نیشانەکانی :
1- ھەستی دەرزی ئاژەنین : یەکەم جار ئەم ھەستە بە شەوان ھەیە لە دەستەکاندا لەگەڵ بەیانیان کە لەخەو ھەڵدەستیت، لەڕۆژدا لەکاتی شت ھەڵگرتن دا زیاترە وەکو ھەڵگرتنی مۆبایل و کتێب، بەجوڵاندنی پەنجەکان کەمتر دەبێت.

2- بێھێزی و لاوازی ماسولکەکانی دەست : کەزیاتر ھەستی پێ دەکرێت لەکاتێکدا ناتوانیت شت ھەڵگریت یاخود شتت لە دەست بکەوێتە خوارەوە یاخود ناتوانیت مشتت داخەیت، یاخود قۆپچەکانت داخەیت .

3- سڕبوون : سڕی پەنجەکان و دەست ھەندێ جار نەخۆش ھەست بە ئاوسان دەکات لە پەنجەکاندا ، و لەوانەیە نەتوانێت گەرمی و ساردی جیا کاتەوە .

ھۆکارەکانی :
لەبەرئەوەی تونێلەکە لەبنەڕەت دا خۆی تەسک و ڕەقە،ھەر ئاوساویەک یان ھەوکردنێک لەناو تونێلەکەدا دەبێتە ھۆی فشار لەسەر دەمارەکە و نیشانەکان لەوانەیە لە یەک دەست دا یان لە ھەردووکیاندا ھەبێت،کە زیاتر لەو دەستەیەدا دەبێت کەزیاتر بەکاردەھێنرێت.

کێن ئەوانەی زیاتر تووش دەبن ؟
1- ئافرەت سێ ئەوەندەی پیاو زیاتر.
2- ئەوانەی ئەم نەخۆشیانەیان ھەیە : نەخۆشی شەکرە ، نەخۆشی سستی غودەی دەرەقی ، نەخۆشی ڕۆماتیزمەکان.
3- لەکاتی سکپڕی و دوو گیانی دا.
4-لەجێ چوون و شکاندنی جومگەی مەچەک.
5- جۆری ئیش کردن : واباوە کەھەندێک جۆری کار زیاتر توشبن بەم حاڵەتە وەکو ئەوانەی نوسین دەکەن لەسەر کۆمبیوتەر ، یاخود ئەوانەی ھەندێ ئامێری لەرەلەر کەر بەکاردەھێنن لە کارەکەیاندا وەکو دریل .

ئەو حاڵەتانە چین کە لە کارپال تونێل دەچن ؟
1- پێکانی ماسولکە یاخود بەستەر یاخود کۆتایی ماسولکەکان .
2- داخورانی جومگەی پەنجە گەورە یان مەچەک .
3- بوونی کێشەی دەمار وەکو لەوانەی نەخۆشی شەکرەیان ھەیە .

دەستنیشانکردن :
1-پشکنینی نەخۆش و ئەنجامدانی چەند تێستێک وەکو(phalen test ) کەنەخۆشەکە بەشی پشتەوەی ھەردوو دەستی ئ]نوسێنێت بە یەکەوە بۆ دروست بوونی سڕی یاخود دەکێشرێت بەسەر دەمارەکەدا بۆ ئەوەی بزانرێت تووشی سڕی دەبیت یان نا .
2- ئی ئیم جی (EMG): ھێلکاری دەمار و ماسولکە بۆ دەرخستنی سستی دەمارەکە .
3- ھەندێ جار پشکنینی دەمارەکە و دەورروبەری بە سۆنەر .

چارەسەر :
1-پشودان و نەجوڵاندنی جومگەکە : چارەسەر لەھەندێ حاڵەتی وەکو شەکرەو داخوراندن پێویستیان بە چارەسەرە، بەڵام پزیشکەکەت لەوانەیە پێت بڵێ پشوو بە جومگەکە بەیت و بەکارھێنانی کیف و سپلینت ( brace) بە تایبەتی لە شەودا .

2- بەکارھێنانی ئازار شکێنەکان وەک (NSAI) وەکو : پرۆفین ، ڤۆڵتارین ..ھتد . ھەندێ جار ڤیتامین بی یەکان و ھەندێ دەرمان کە میز کردن زیاد دەکەن (diuretic) کاریگەریان ھەیە لەسەر کەم بوونەوەی ئاوساویی دەوری دەمارەکە .

3- بەکارھێنانی پاکی سارد بۆ کەم کردنەوەی ئازارەکە .

4-بەکارھێنانی ھەندێ دەرمان بۆ ناو تونیلەکە لە دەوری دەمارەکە ئەویش لەژێر ئامێری سۆنەردا ، وەکو ستیرۆیدەکان ، زایلۆکەین یاخود کەم کردنەوەی فشارەکە بە ڕێگای (hydrodissection ) لەژێر سونەردا .

5-وەرزش کردن بە دەست : ئەویش لە ڕێگای ئەو وەرزشانەی کەدەبنە ھۆی ڕاکێشانی دەمارەکەو بەستەرەکانی دەوروبەری.

6-چارەسەرە تەواوکەرەکان : وەکو دەرزی چینی ، یۆگا .

7- نەشتەرگەری ؛ یاخود بەکارھێنانی نازوور بۆ لابردنی فشاری دەوری دەمارەکە ..

چی ڕوودەدات ئەگەر چارەسەر وەرنەگریت ؟
ئەگەر پشتگوێ بخرێت دەبێتە ھۆی زیادکردنی ئازارو سڕی و ڕۆشتنی بەرەو قۆڵ و شان ، جگە لەوە پوکانەوەی ماسولکەی پەنجە گەورەو بڕێک جار دوای چارەسەریش ھەست و ھێزی ماسولکەکە ھەرگیز وەکو خۆی لێنادێتەوە .

چۆن خۆمان بپارێزین لە گیرانی دەماری دەست ؟
1-پۆستچەری باش : واتە دانانی دەست و قۆڵ بەشێوەی باش و بێ ھەڵە ، و دووربوون لە خراپ بەکارھێنانی .
2-ڕێکخستنی کار و ئیش کردن.
3- وەرزش کردن : ئەویش بە کردنی ئەو وەرزشانەی دەبنە ھۆی ڕاکێشانی ماسولکەکانی دەست و دەمارەکە .
4- وەرگرتنی پشووی بچووک لەکاتی کارکردندا ، بۆ جوڵاندن و ڕاوەشاندنی دەست و بازوو و قۆڵەکان.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن